فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە قوتابخانەیەکى نێودەوڵەتى باس لە زیانەکانى ئالوودەبوونی ئەلیكترۆنی دەکەن
بۆ هۆشیاركردنەوەی قوتابیان، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (عەلی جەلال جەعفەر) لە ڕێكەوتی پێنجشەممە 23-10-2025 سیمینارێكی زانستییان بەناونیشانی (ئالوودەبوونی ئەلیكترۆنی) بۆ قوتابیانی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی جیهان-هەولێر ئەنجام دا.
مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەلایەن مامۆستا (محمود عماد محمد) بەڕێوەبەری قوتابخانەكە پێشوازییان لێ كرا و تیشكی خستە سەر گرنگیی ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاكییانە بەمەبەستی هۆشیاركردنەوەی قوتابیان لە مەترسییەكانی ئالوودەبوون بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان.
سیمینارەكە لەلایەن هەریەكە لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن (ڕزگار صالح، یوسف ئەحمەد، لەیار ئازا، نێرگز ئەمیر) پێشكەشكرا. لە سەرەتای سیمینارەكەدا، ڕزگار صالح بەشێوەیەكی گشتی تیشكی خستە سەر ئالوودەبوون و جۆرەكانی، چەندین نموونەی جیاوازی لەڕووی پزیشكییەوە خستەڕوو بۆ قوتابیانی ئامادەبوو. پاشان یوسف ئەحمەد باسی لە کاریگەری و مەترسییەکانی ئالوودەبوون بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەكان كرد و تیشكی خستە سەر ئەو لێكەوتە نەرێنییانەی كە لەسەر تەندروستیی دەروونی و تەندروستیی جەستەیی هەیەتی.
لە بەشی سێیەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز لەیار ئازا ئاماژەی بەو ڕێگایانە كرد کە چۆن كەسێك دەستنیشانی بكات و بزانیت ئالوودەی ئامێری ئەلیكترۆنی بووە، ئەوەش بەمەبەستی زوو چارەسەركردنی. لە بەشی كۆتاییشدا، فێرخواز نێرگز ئەمیر باسی لەو ڕێگا و میكانیزمانە کرد کە قوتابیان دەتوانن بەهۆیانەوە خۆیان بپارێزن و چارەسەری ئالوودەبوون بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بكەن.
لەكۆتاییدا، مامۆستا محمود عماد بەڕێوەبەری قوتابخانەی نێوەدەوڵەتیی جیهان-هەولێر سوپاسی بەشی ڕاگەیاندن و فێرخوازانی كرد بۆ ئەنجامدانی سیمینارەكە، هیوای خواست كە چالاكییە هاوشێوەكانیان بەردەوام بن بۆ هۆشیاركردنەوەی قوتابیان و پاراستنیان لە مەترسی و زیانەكانی ئالوودەبوون بە ئامێری ئەلیكترۆنی.







