ڕێگەکانی سەرکەوتنی گەنجان و کارامەییەکانى ژیانى کۆمەڵایەتى
“ڕێگەی سەرکەوتنی گەنجان: کارامەییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، تەندرووستی و پەروەردە” ناوەڕۆکى ناونیشانى سیمینارێکى (ئۆنلاین)ى بەشى زانستەکانى کۆمپیوتەر بوو، کە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتى (١٨/٠٢/٢٠٢١) بەڕێوەچوو.
لەو سیمینارەدا، کە لەلایەن فێرخوازان (محەمەد عیماد) و (ئایە فەرهاد)، هەردوو فێرخوازى قۆناغی یەکەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەشکرا، مامۆستایان و فێرخوازانى بەشی زانستی کۆمپیوتەر ئامادەیبوون.
لەسەرەتاى پێشکەشکردنى سیمینارەکەیاندا، فێرخوازان باسیان لەو گرفتانە کرد، کە ڕۆژانە ڕووبەڕووى ژیانى گەنجان ئەبێتەوە، بۆ ئەوەش جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە نابێ گەنجان کوڵ بدەن، بەڵکو دەبێ ڕووبەڕووى هەموو گرفت و ئاستەنگەکان ببنەوە، بۆ ئەوەش کۆمەڵیک ڕێگەچارەیان پێشنیار کرد کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەى گەنجان بتوانن لە ژیان سەرکەوتوو بن.
پەرەپێدان بە تواناکانی تێکەڵ بوون لەگەڵ کۆمەڵگە، ڕێکخستنی کات و توانا پیشەییەکان بەشێک بوون لەو خاڵانەی لەم سیمینارە فێرخوازان باسیان لێوەکرد.
لە کۆتایی سیمینارەکەشدا، مامۆستایان و فێرخوازان بەدەربڕینی ڕاوبۆچونى خۆیان بەشدارییان لە تاوتوێکردنی گشت ئەو خاڵانە کرد، کە لە سیمینار ئاماژەی پێکرابوو. لەهەمان کاتدا مامۆستایانی بەش هەوڵیاندا بە هێنانەوەی نموونە لە ئەزموونی تاکەکەسی خۆیان، بیرووڕایان لەسەر گرنگترین هۆکارەکانی سەرکەوتنی گەنجان بخەنە ڕوو.