
طلبة التحليلات المختبرية الطبية يعرّفون طلبة ثانوية التعايش المختلطة بطرق الحماية من العدوى
- Posted by University Press
- Date نوفمبر 25, 2026
ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەم لە بەشی شیکاریی تاقیگەى پزیشکى لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر نزار یوسف، سەردانی ئامادەیی پێکەوەژیانى تێکەڵاویان کرد و، چالاکییەکی هۆشیارییان دەربارەی خۆپاراستن لە پەتا و نەخۆشییە گوازراوەکان پێشکەش کرد.
ناساندنی پەتا، ڕێگەکانی گواستنەوەی
لە سەرەتای چالاکییەکەدا، فێرخوازان لەلایەن وەسەن سەڵاح بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا. پاشان دەستیان بە چالاکیەکەیان کرد، بۆ ئەوەش فێرخواز سورا ساڵح پەتا و، ڕێگەکانی گواستنەوەی بە قوتابیان ناساند و، ڕۆڵی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ، کەرەستە پیسبووەکان و، پڕوشکی هەناسەدانی لە گواستنەوەی هەندێک لە هۆکارەکانی نەخۆشیدا ڕوون کردەوە، لەگەڵ خستنەڕووی چەندین نموونەی پەیوەست بە ژینگەی قوتابخانە.
گرنگی پاکوخاوێنی دەستەکان
لای خۆیەوە، فێرخواز تەبارەک ئەحمەد باسی لە پاکوخاوێنیی دەستەکان و، گرنگییەکەی لە کەمکردنەوەی گواستنەوەی نەخۆشییەکاندا کرد، هەروەها هەنگاوەکانی شۆردنی دەستەکانی بە ئاو و سابوون و، ئەو کاتانەی کە پێویست دەکات دەست بشۆرێن شیکردەوە، لەوانە پێش نانخواردن، دوای بەکارهێنانی دەستشۆر و توالێت و، دوای کۆکە یان پژمین.
ئادابی کۆکە و پژمین
لە بەشێکی تری چالاکییەکەدا، فێرخواز ئیناس سەڵاح ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی ئادابی کۆکە و پژمین پێشکەش کرد، لەوانە داپۆشینی دەم و لووت بە کلێنس و فڕێدانی دوای بەکارهێنان، یان بەکارهێنانی دیوی ناوەوەی ئانیشک لە کاتی نەبوونی کلێنسدا، هاوکات باسی لە گرنگیی هەواگۆڕکێی پۆلەکان و، بەکارنەهێنانی کەرەستە کەسییەکان بە شێوەی هاوبەش کرد.
پاکڕاگرتنی ڕووکارە هاوبەشەکان
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا فێرخواز ئینتیزار شێخ عومەر باسی لە پاراستنی پاکوخاوێنی ڕووکار و، کەرەستە هاوبەشەکان و، جیاکردنەوەی نێوان پاککردنەوە و، پاکژکردنەوە کرد، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئاگادارکردنەوەی خێزان یان کارگێڕیی قوتابخانە لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشیدا و، داواکردنی ڕاوێژی تەندروستیی گونجاو.
گفتوگۆی کراوە
لە کۆتاییی چالاکییەکەدا، قوتابیانی قوتابخانەکە چەندین پرسیاریان دەربارەی دەستشۆردن، بەکارهێنانی پاکژکەرەوەکان و، هاوبەشیکردنی کەرەستە کەسییەکان ئاراستە کرد و، فێرخوازانی بەشی شیکاریی تاقیگەى پزیشکیش وەڵام و، نموونەی ڕوونکەرەوەیان پێشکەش کردن کە شێوازە تەندروست و، دروستەکانی لە هەر حاڵەتێکدا دەخستە ڕوو.



