Back

فێرخوازانی بەشی کارگێڕی کار سەردانی کۆمپانیای مەشخەڵی ماڵ دەکەن

سەرۆکایەتی بەشی کارگێڕی کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (6/10/2026)، گەشتێکی زانستیی بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاوازەکان بۆ کۆمپانیای مەشخەڵی  ماڵ بۆهێنانی دەستی کاری بیانی ڕێکخست.

ئەم سەردانە زانستییە کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (هێڤی محەمەد قادر) بەڕێوەچوو، لەگەڵ گەیشتنیان، فێرخوازان لەلایەن ئەندازیار (مەشخەڵ حسن) بەڕێوەبەری کۆمپانیا بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. پاشان تێڕوانینێکی گشتی لەبارەی ڕەوتی کارەکانی پێشکەش بە فێرخوازان کرا.

لە سەرەتادا، ئەندازیار مەشخەڵ تیشکی خستە سەر هێنانی دەستی کار لە وڵاتانی جیاواز، وەک ئەندەنوسیا، غانا، سیرا لیۆن، تانزانیا و نیپال. ئەم دەستی کارە دابین دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارەکانی پاککردنەوەی ماڵ، بەخێوکردنی منداڵان و چاودێریکردنی کەسانی بەساڵاچوو.

دواتر، ڕوونیکر‌دەوە کە لە سەرەتای هێنانی دەستی کاری بیانی، پێویستە مۆڵەتی پێویست وەربگیرێت؛ بە شێوەیەک کە سەرەتا لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لاریبوون وەردەگیرێت و دواتر لە وەزارەتی ناوخۆ فیزا وەردەگیرێت، دوای ئەنجامدانی چەند پشکنینێکی تەندروستی، وەک پشکنینی دووگیانی و HIV.

هەروەها، دوای ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو لایەن، لایەنی یەکەم کە کۆمپانیایە وە لایەنی دووەم کە داواکارە، کە دەبێت لایەنی دووەم وەکالەتنامەیەک بۆ دەستی کارەکە دابین بکات کە وەریدەگرێت.

پاشان، بە گرنگییەوە تیشکی خستە سەر ماوەی مانەوەی دەستی کارەکان، کە گرێبەستەکە لە نێوان کۆمپانیا و لایەنی داواکار بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبەسترێت، بەڵام دەستی کارەکان دەتوانن تا پێنج ساڵ لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە. لە ماوەی ئەم پێنج ساڵەدا، ڕێگەیان پێ نادرێت هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن.

لە کۆتاییدا، باسی تێچووی هێنانی دەستی کارەکانی کرد، کە لە نێوان $2,500  تا 9,000$ دەست پێدەکات. دەستی کاری ئەندەنوسیا گرانترینیانە، لە کاتێکدا دەستی کاری غانا هەرزانترینیانە. مووچەی دەستی کارەکانیش بەگوێرەی وڵاتەکان جیاوازە و لە نێوان $250  تا 300$ ـە.

لە کۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ستافی کۆمپانیاکە دەربڕی، بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتەیان بۆ فێرخوازان ڕەخساند.