بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی؛ فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان هەڵمەتێکی پشکنین و هۆشیاری لە قوتابخانەی “هەژاران” ئەنجام دەدەن
لە چوارچێوەی چالاکییە مەیدانییەکان و بە مەبەستی خزمەتکردنی کۆمەڵگە، ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٧/١/٢٠٢٦) فێرخوازانى کۆلێژی پزیشکی ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، هەڵمەتێکی زانستی و تەندروستی بۆ قوتابخانەی “هەژاران”ی بنەڕەتی ڕێکخست.
شاندنی کۆلێژەکە کە پێکهاتبوو لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی پزیشکی ددان و بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ڕوبار ڕەمەزان عەلی)، بەگەیشتنیان لە لایەن خاتوو (ڤیان حەمەد عەوڵا) بەڕێوەبەری قوتابخانەی هەژارانەوە بەگەرمی پێشوازییان لێکرا. بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەستخۆشی لەم هەنگاوە گرنگەی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد و، جەختی لەوە کردەوە کە پەروەردەی تەندروستی لە قۆناغی بنەڕەتیدا، بناغەیەکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی تەندروست و بەهێز.
لە میانی ئەم سەردانەدا، فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکی ددان چەندین چالاکیی جۆراوجۆریان ئەنجامدا؛ لەوانە پشکنینی سەرەتایی بۆ ددانی قوتابیان و ناسینەوەی ئەو گرفتانەی پێویستیان بە چارەسەر هەیە. هاوکات، کۆڕ و کۆبوونەوەی هۆشیارییان بۆ قوتابیانی قوتابخانەکە ڕێکخست و تێیدا بە شێوازێکی زانستی و گونجاو لەگەڵ تەمەنیاندا، تەکنیکە دروستەکانی ددان شوشتن و چاودێری ڕۆژانەی دەم و ددانیان بۆ ڕوون کردنەوە. بۆ زیاتر هاندانی منداڵەکان و دروستکردنی کەشێکی پڕ لە دڵخۆشی، تیمی زانکۆ دیاریی هاندەرانیان بەسەر قوتابیاندا دابەشکرد، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنی زۆری لەسەر دەروونی منداڵەکان هەبوو.







