بۆ خولێکى ڕاهێنان؛ زانکۆى جیهان-هەولێر (١٧) فێرخوازى دیکە ڕەوانەى پۆڵندا کرد
لەبەر ڕۆشنایی خاڵ و بڕگەکانى ڕێککەوتنامە هاوبەشەکانى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆکانى پۆڵندا و، لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕی زانستى و بەشداریکردن لە خولى ڕاهێنان؛ زانکۆی جیهان-هەولێر (١٧) فێرخوازى دیکەى ڕەوانەى پۆڵندا کرد بۆ بەشداریکردن لە خولێکى ڕاهێنانى هاوینە لەو وڵاتە.
بەو بۆنەیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەکدا، کە بەئامادەبونى یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و، سەرۆکى بەشە زانستیەکان و فێرخوازان ئامادەیبون، دواى ئەوەى پیرۆزبایی لە فێرخوازان و کەسوکاریان کرد، ڕایگەیاند: لە دواین سەردانمان بۆ پۆڵندا و دیدار و کۆبونەوەکانمان، توانیمان لەگەڵ ژمارەیەک لە زانکۆ ڕەسەن و ئاستبەرزەکانى ئەو وڵاتە ڕێککەوتنامەى هاوبەش واژۆ بکەین، وتیشى ئەم سەردانەى فێرخوازان بۆ ئەو وڵاتە بەرهەمى ئەو سەردانەیە.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: ئەم سەردانە دەسکەوتێکى زانستى گرنگە بۆ فێرخوازان، کە بونەتە دەستەبژێرى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانن هەریەک لە ئێوە نوێنەرایەتى عێراق بەگشتى و هەرێمى کوردستان بەتایبەت دەکەن، بۆیە هەر ڕەفتار و هەڵسوکەوتێکتان ڕەنگدانەوەى هەیە لەسەر زانکۆ و ناوناوبانگى وڵاتەکەتان، لەبەرئەوە دەبێ لە ئاستێکى بەرزدا بن و، بەڕاستى فێرخوازێکى نمونەیی بن.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، کە ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (١٨/٦/٢٠٢٣) لە هۆڵى (VIP)ى زانکۆ پێشکەشیکرد، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر وتى: فێرخوازان دەبێ پابەندى تەواوى ڕێنماییەکانى زانکۆ بن، هاوکات ئێمەش لە پەیوەندى بەردەوامدا دەبین لەگەڵتان، ڕاستە ئێوە سوود لەلایەنى کەلتورى و زانستى ئەو وڵاتە وەردەگرن، بەڵام بەپلەى یەکەم ئێوە بۆ مەبەستێکى زانستى سەردانى ئەو وڵاتە دەکەن و دەبێ باشترین دەسکەوتى زانستى بۆ وڵاتەکەتان بهێننەوە، ئێمەش چاودێرى و بەدواداچونى سەرجەم هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانتان دەکەین، ئەوەش لە ڕێگەى وەرگرتنى ڕاپۆرتى ڕۆژانە لە بوارى زانستى و کارگێڕى و میدیایی.
لە کۆتایشدا وتى: ئەم خوێندنە دەرفەتان بۆ دەڕەخسێنى تا لە داهاتوودا بتوانن سکۆلەرشیپى ئەو وڵاتە بەدەست بهێنن بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا بەتایبەت ماستەر، بۆیە ئێمە لە ئێستاوە شانازیتان پێوە دەکەین و بەهیواین لە ئاست چاوەڕوانیەکانماندا بن.
زانکۆى جیهان-هەولێر وەک تاکە زانکۆى تایبەت و پێشەنگ لە هەرێمى کوردستان، بەردەوامە لە پێشکەشکردنى باشترین خزمەت بەفێرخوازان و بەرزکردنەوەى ئاستى زاستیان، لەو چوارچێوەیەشدا وەک قۆناغێکى نوێ، ئەم گروپە لە فێرخوازان، کە ژمارەیان (١٧) فێرخوازە لەسەر بنەماى چەند پێوەرێکى زانستى دەستنیشان کرد، هاوکات دوو مامۆستاش یاوەرى فێرخوازان دەکات و، بۆ ماوەى (٢) هەفتە لەو وڵاتە دەمێننەوە، لەو ماوەیەشدا بەشدارى لە کۆرسێکى ڕاهێنان و چەند چالاکیەکى دیکەى زانستى و کەلتورى لەو وڵاتە دەکەن.
واش بڕیارە هەر ئەمساڵ دوو گروپى دیکەى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى زانکۆکانى وڵاتە بکەن بۆ کۆرسى خوێندن و خولى ڕاهێنان.