بۆ هاندانی قوتابیانی پۆلی ١٢؛ فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن چالاکیەکیان لەبارەى سەرکەوتن لە قوتابخانەی نەهرەین ئەنجامدا
بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ورەی قوتابیان و ناساندنی ڕێگەکانی سەرکەوتن، گرووپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (١٢ی شوباتی ٢٠٢٦)، سیمینارێکی هۆشیاری و هاندانیان بە ناونیشانی “چاڵێنجی سەرکەوتن لە پۆلی دوانزە” بۆ قوتابیانی قوتابخانەی نەهرەین لە ناحیەی عەنکاوە ڕێکخست.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود) بەڕێوەچوو، کە تێیدا لەلایەن مامۆستا (کاروان جەعفەر) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە پێشوازییەکی گەرم لە شاندی فێرخوازان کرا. لە تەوەری یەکەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز (سەفوان بەهائەددین) بە وردی تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگە دەروونی و زانستییانەی کە ڕووبەڕووی قوتابیانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی دەبنەوە. بۆ ئەوەش ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم قۆناغە تەنها پڕۆسەیەکی خوێندن نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئیرادە و خۆڕاگریی مرۆڤ؛ هەر بۆیە پێویستە قوتابیان بە دیدێکی ئەرێنییەوە مامەڵە لەگەڵ وانەکاندا بکەن و ئەم قۆناغە وەک دەرفەتێکی زێڕین و پردێک بۆ گەیشتن بە خەونەکان و دواڕۆژێکی گەش تەماشا بکەن، نەک وەک بارێکی قورس و ترسناک.
لە تەوەری دووەمی چالاکییەکەدا، فێرخواز (سەلوا شەعلان) باسێکی زانستی دەربارەی شێوازە مۆدێرنەکانی خوێندن و گرنگیی ڕێکخستنی کات پێشکەش کرد. جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرکەوتنی ڕاستەقینە لە ڕێگەی پلانێکی تۆکمەوە بەدی دێت، نەک تەنها خوێندنی زۆر بەبێ سەروبەر. ڕوونی کردەوە کە چۆن قوتابیان دەتوانن هاوسەنگییەکی دروست لە نێوان خوێندن و کاتەکانی پشوودان دروست بکەن تاوەکو دووچاری ماندووبوونی مێشک و بێزاری نەبن و باشترین ئەنجام لە تاقیکردنەوەکاندا بەدەستبهێنن.
لە کۆتاییدا، کارگێڕیی قوتابخانەی نەهرەین سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی زانکۆی جیهان-هەولێر و فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن کرد بۆ ئەم هەنگاوە گرنگە و ئاوڕدانەوەیان لە ئاستی زانستی و دەروونیی قوتابیان.







