بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و ڕاهێنان؛ زانکۆی جیهان-هەولێر و کۆمپانیای (Al Salt Hospitality) ستراتیژی کارى نێوانیان تاوتوێ دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦)، پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، پێشوازی لە شاندێکی باڵای کۆمپانیای (Al Salt Hospitality) کرد کە پێکهاتبوون لە (رامى جۆرج سەلامە) بەڕێوەبەری جێبەجێکار و خاتوو (تەمارا ميمون) بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان.
لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکی بەشی کارگێڕی کار بەڕێوەچوو، لە سەرەتادا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ کورتەیەکی دەربارەی مێژووی دامەزراندن و پەرەسەندنی زانکۆی جیهان-هەولێر و پێکهاتەی بەشە زانستییەکان و دیدگا و ستراتیژی زانکۆکەی بۆ شاندی میوان خستە ڕوو. سەرۆکی زانکۆى جیهان-هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی زانکۆ تەنها پێگەیاندنی فێرخواز لە ڕووی تیۆرییەوە نییە، بەڵکو دەمانەوێت دەرچووانیمن کارامەیی پراکتیکییان هەبێت و بە ئاسانی تێکەڵی بازاڕی کار ببن. لای خۆیەوە، (رامى جۆرج سەلامە) خۆشحاڵی خۆی بەم هەماهەنگییە دەربڕی و کارنامەی کۆمپانیاکەیانی لە بوارە جیاوازەکاندا ناساند، هاوکات ئارەزووی کۆمپانیاکەی نیشان دا بۆ سوودوەرگرتن لە توانا و لێهاتوویی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر.
تەوەری سەرەکیی دیدارەکەش تەرخانکرا بۆ داڕشتنی میکانیزمەکانی هاوکاریی داهاتوو، بەتایبەتی لە بواری ڕەخساندنی هەلی دامەزراندن و دابینکردنی خولی ڕاهێنانی مەیدانیبۆ فێرخوازان و دەرچووان لە ناو پڕۆژەکانی کۆمپانیای (Al Salt Hospitality)، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم هاوبەشییە دەبێتە مایەی بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی فێرخوازان و پشتگیریکردنیان بۆ تێکەڵبوونی سەرکەوتووانە لەگەڵ بازاڕی کاردا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، کۆمەڵێک پێشنیاز و بیرۆکە ئاڵوگۆڕ کران بە مەبەستی دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی فەرمی (MoU) لە داهاتوویەکی نزیکدا، تاوەکو ئەم هەماهەنگییانە بچنە بواری جێبەجێکردنی کردەییەوە.







