بەر لە بەڕێکەوتنیان بۆ پۆڵندا؛ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ فێرخوازان و کەسوکارى کۆبوەوە
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: زانکۆکەمان ئامانجى بەرزکردنەوەى پێگەى زانستى و مەعریفى فێرخوازانە، بۆ ئەوەش پەیڕەوى ڕێگە زانستى و سەردەمیەکان دەکات.
ئەو ڕاگەیاندنەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (11/10/2023) لە میانەى پێشوازیکردن و دیدارى فێرخوازان و کەس و کارى ئەو فێرخوازانە دێت، کە لە ڕۆژانى داهاتودا بەرەو پۆڵندا بەڕێدەکەون، لەو چوارچێوەیەدا لە دیدارێکەدا، کە بەئامادەبونى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار عبدالکەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى فێرخوازان و کارگێڕى و سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکان بەڕێوەچوو؛ لەسەرەتادا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى کەس وکارى فێرخوازان و وتى سوپاستان دەکەم کە لە ماوەى ڕابردودا هاوکار و هەماهەنگمان بوون، سوپاستان دەکەین کە ئەخوازن ئاستى زانستى ڕۆڵەکانتان بگەێننە ئاستێکى باڵا، بەشێوەیەک کە هیچ کەمتر نەبێ لە فێرخوازانى وڵاتانى دیکە.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: ئەم گروپەى فێرخوازان کە بەپڕۆسەیەکى قورسدا تێپەڕبون تا توانیان لە نێوان (٥٢٦٠) فێرخوازى زانکۆى جیهان-هەولێر کاندید کران، وتیشى دەستنیشانکردنى ئەم گروپەى فێرخوازان لەسەر کۆمەڵێک بنەما و پێوەرى زانستیە کە لەلایەن زانکۆکەمان بەهاوکارى زانکۆى وارسۆ بۆ زانسته زیندووهكان (SGGW) لە پۆڵندا ڕەچاوکراون.
لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕوو لە فێرخوازان ڕایگەیاند: ئێوە کاتێک دەچنە پۆڵندا نوێنەرایەتى عێراق و هەرێمى کوردستان و زانکۆى جیهان-هەولێر دەکەن، بۆیە ڕەچاوى لایەنى ئاکارى و پەروەردەى و زانستى بکەن، وتیشى ئەم دەرفەتێکى زێڕینە بۆ ئێوە هاتۆتە پێشەوە و، پێویستە هەموو کاتەکانى خۆتان بۆ قوستنەوەى ئەو دەرفەتە تەرخان بکەن و ئاستى زانستیتان پێش بخەن، چونکە ئەم ئەزمونەتان دەرگایەکى فراوانتان بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا لێ دەکاتەوە.
لە کۆتایشدا، سەرۆکى زانکۆ؛ سەرۆکى بەشە زانستیەکانى ڕاسپارد لە پەیوەندى بەردەوامدا بن لەگەڵ فێرخوازان بۆ وەڵامدانەوەى سەرجەم پرسیارە زانستى و تایبەتیەکانیان لە ماوەى مانەوەیان لە پۆڵندا.
لە کۆتایى کۆبونەوەکەشدا، کەس وکارى فێرخوازان سوپاسى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و ستافى زانکۆى جیهانیان کرد، کە هەماهەنگ و هاوکاریان بون، هیواشیان خواست ئەم پەیوەندییە بەردەوام بێ تا بتوانن فێرخوازان لە ژینگەیەکى لەباردا خوێندنەکەیان بەسەرکەوتویی تەواو بکەن.