بەشی زانستی کۆمپیوتەر بەشداری لە فیستیڤاڵى ناساندن و بڵاوکردنەوەى ئامێرە نوێیەکانى کۆمپانیاى هواوى دەکات
ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١)، بەشی زانستی کۆمپیوتەرلە زانکۆى جیهان لەسەر بانگھێشتى کۆمپانیاى هواوى چینى بەشدارى لە فیستڤاڵى ناساندن و بڵاوکردنەوەى بەرهەمە نوێیەکانى کۆمپانیاکە لە شارى هەولێر کرد، کە تیایدا کۆمەڵێ ئامێرى نوێ بۆ یەکەمین جار نمایش کرا.
بەشێکى فیستیڤاڵەکە تایبەت بوو بە تیشک خستنەسەر تایبەتمەندیە نوێیەکانی کۆمپانیاکەیان لە بوارى کۆمپیوتەر، هاوکات باسى بەرهەم و تایبەتمەندەییە نوێیەکانى مۆبایل کرا، کۆمپانیاى هواوى چینى کە خاوەن کۆمەڵێک بەرهەمى ناوازەى کۆمپیوتەر و لاپتۆپ و مۆبایل و کاتژمێرى زیرەکە، ساڵانە بەبەرهەمى نوێ پێشبڕکێ لەگەڵ کۆمپانیاکانى هاوشێوەى خۆى لەسەر ئاستى جیهان دەکات.
لە پەراوێزى فیستیڤاڵەکەشدا، مامۆستا محمد باجەلان سەرۆکى بەشى زانستى کۆمپیوتەر لەگەڵ (لیون) بەڕێوەبەرى گشتى کۆمپانیاى هواوى لە عێراق کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکە گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدان بەپەیوەندییە زانستیەکانى نێوان کۆمپانیاى هواوى و بەشى زانستى کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرا، هاوکات باس لە توانا زانستیەکانى فێرخواز و گەنجانى کوردستان بەتایبەتى و عێراق بەشێوەیەکى گشتى کرا بەتایبەت لە بوارى تەکنەلۆجیاى زانیارى.