بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان بەدواداچوون بۆ لایەنى پراکتیکى فێرخوازانی لە قوتابخانەکاندا دەکات
سەرۆکایەتى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 5/11/2025 ، زنجیرەیەک سەردانی مەیدانی لەلایەن ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆوە بۆ ژمارەیەک قوتابخانەی شاری هەولێر ئەنجامدا.
لە میانی سەردانەکاندا، مامۆستایانی زانکۆ ئامادەی ئەو وانە کردارییانە بوون، کە لەلایەن فێرخوازانى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان دەوترانەوە، هاوکات گفتوگۆی بنیاتنەریان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکان و مامۆستا سەرپەرشتیارانى فێرخوازان ئەنجامدا سەبارەت بە ئاستی فێرخوازان و شێوازی کارلێکیان لە چالاکیەکاندا. هەروەها تێبینیی بەنرخ و ڕاسپاردەی پەروەردەیی سەبارەت بە شێوازەکانی وانەوتنەوە، ڕێکخستنی قوتابیان لە گۆڕەپان و شوێنی چالاکی وەرزشی لە قوتابخانەکادا ، و چالاککردنی بەکارهێنانی کەرستە وەرزشیەکان و یارییە جۆراوجۆرەکانی وەرزش خرانە بەرباس.
ئەندامانی دەستەی وانەوتنەوە لە زانکۆى جیهان-هەولێر جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم سەردانانەی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان بۆ ئامادەکردنی نەوەیەکە لە مامۆستایان، کە خاوەنی لێهاتوویی پیشەیی و زانیاریی پەروەردەیی هاوچەرخ بن، هەروەک ئاماژەیان بەوەدا کە لایەنى پڕاکتیکی و مەیدانی هەنگاوێکی سەرەکییە لە پەرەپێدانی تواناکانی فێرخوازان و ئامادەکردنیان بۆ کاری پەروەردەیی داهاتوو، جەختیشیان لە گرنگی بەردەوامی ئەم سەردانە مەیدانیانە کردەوە بۆ بەهێزکردنی کوالێتی ئامادەکردنی مامۆستایان و پەرەپێدانی پڕۆسەی پەروەردەیی لە هەرێمدا.
لە لایەکی دیکەوە، فێرخوازانی بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان سوپاسی خۆیان بۆ سەرپەرشتیار و مامۆستایانى سەردانیکەر دەربڕی لەسەر پاڵپشتی بەردەوامیان و تێبینییە بەنرخەکانیان، جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم ئەزموونە مەیدانییە دەرفەتێکی ڕاستەقینەی پێبەخشیون بۆ بەستنەوەی زانیاری تیۆری و کردارییەکانیان لە بە پڕاکتیکی ڕاستەقینەوە لەناو پۆلەکاندا.






