بەشی ڕاگەیاندن وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی دەربارەی داهاتووی ژیریی دەستکرد بەڕێوەبرد
سەرۆکایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى (٢٩/١/٢٠٢٦)، بە چاودێری مامۆستای یاریدەدەر (ئەزوەر مەهدی قاسم ئاغا)، سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن، وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی “ژیریی دەستکرد لە میدیا و کۆمەڵگەدا: ئاڵنگارییە ئەخلاقییەکان و مەترسییەکانی داهاتوو” ئەنجام دا.
چالاکییەکە لە هۆڵی ئەکادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی بەرچاو لە فێرخوازان و مامۆستایانی زانکۆ بەڕێوە چوو. لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەکەریم) وتەی بەخێرهاتنی بە ناوی سەرۆکایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئامانجەکانی ئەنجامدانی ئەم وۆرکشۆپە نێودەوڵەتییە. دواتر، دکتۆر محەمەد یاسین ئەبوبەکر، لێکۆڵەر لە سەنتەری “مێریدیان” لە شاری کامبریجی بەریتانیا و فێرخوازى خوێندنى ماستەر لە زانکۆی ئەنگلیا ڕەسکن، ناوەڕۆکی بابەتەکەى بە ناونیشانی “داهاتووی ژیریی دەستکرد و مەترسییە کۆمەڵایەتییەکانی” پێشکەش کرد.
دکتۆر محەمەد ئاماژەی بەوە کرد کە ژیریی دەستکرد بەرەو ئاستی “ژیریی گشتگیر” (AGI) هەنگاو دەنێت، کە تێیدا لە مرۆڤ خێراتر و ژیرتر دەبێت. ڕوونی کردەوە کە ئێمە چیتر تەنها ژیریی دەستکرد دروست ناکەین، بەڵکو “دەیچێنین” و سیستمەکان خۆیان پەرە بە خۆیان دەدەن، ئەمەش مەترسیی دەرچوون لە کۆنترۆڵی مرۆڤایەتی زیاد دەکات.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە هەڕەشە هەرە نزیکەکان بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و زانیاریی هەڵە بە شێوەیەکی بەرفراوان. ئاماژەی بەوەش کرد مەترسی هەیە ئامڕازەکانی ژیریی دەستکرد بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان، مرۆڤ ناچار بکەن بە ئەنجامدانی چەند کارێک کە دوور بن لە خواست و ویستی مرۆڤ، ئەمەش ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەوە.
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان مامۆستایان، فێرخوازان و پێشکەشکاردا بەڕێوە چوو، کە تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی هۆشیاریی زانستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە نوێیەکانی جیهانی تەکنەلۆژیا کرایەوە. پاشان، مامۆستای یاریدەدەر (ئەزوەر مەهدی قاسم ئاغا)، سەرۆکی بەشی ڕاگەیاندن، بڕوانامەی سوپاس و پێزانینی پێشکەش بە دکتۆر محەمەد یاسین ئەبوبەکر کرد و، جەختی لە پەیوەندیی بەردەوامی نێوان هەردوولا بۆ ئەنجامدانی چالاکیی زیاتر لە داهاتوودا کردەوە.







