بەشی ڕاگەیاندن یارییەکی دۆستانەی تۆپی پێ لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی سپێدە ئەنجام دەدات
لە بەردەوامی چالاكییە وەرزشی و هەوڵە کۆمەڵایەتییەکانیدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە میدیاییەکان و پەرەپێدانی چالاکیی جەستەیی فێرخوازان، ڕۆژی هەینی ڕێكەوتی 24-10-2025 سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، یارییەكی دۆستانەی تۆپی پێی لەگەڵ كەناڵی ئاسمانیی سپێدە لە یاریگای هانا سیتی لە شاری هەولێر ڕێكخست.
یارییەكە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) بەڕێوەچوو، تێیدا تیمی بەشی ڕاگەیاندن كە پێكهاتبوو لە فێرخوازانی قۆناغی دووەم و سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووس و كارمەندانی كەناڵی ئاسمانیی سپێدە بوونەوە، پاش كێبڕكێیەكی بەردەوام و ئەنجامدانی یارییەكی جوان بە ڕۆحێكی دۆستانەی وەرزشی، تیمی تۆپی پێی كەناڵی ئاسمانیی سپێدە توانی یارییەكە لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە و بە ئەنجامی (5-4) سەركەوتن بەدەستبهێنێت.
لەكۆتایی یارییەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی تیمی هەردوولای كرد بۆ ئەنجامدانی یارییەكە بەشێوەیەكی دۆستانە و دوور لە توندوتیژی، هاوكات تیشكی خستە سەر ئەوەی كە ئەم یارییە دەرفەتێکی گونجاو بوو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن و کارمەند و ستافى میدیاکارانى كەناڵی ئاسمانیی سپێدە.







