بەشی کارگێڕی گشتی چالاکیەکى خۆبەخشى لە ماڵى بێ سەرپەرشتان بەڕێوەدەبن
لە بەردەوامى کار و چالاکیە خۆبەخشى و خێرخوازییەکانیاندا، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى گشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى ماڵى بێ سەرپەرشتیانیان لە شارى هەولێر کرد و چالاکیەکى خۆبەخشیان ئەنجامدا.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٠/٢/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕی گشتی بەچاودێرى پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود و، بەسەرپەرشتى مامۆستای یاریدەدەر ڕاز ئازاد جەلال، سەردانێکی بۆ ماڵى بێ سەرپەرشتان لە شارى هەولێر ڕێکخست، بە بەشداری چالاکانەی فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی بەشەکە. لە میانەی سەردانەکەدا فێرخوازان پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک جلوبەرگ و پێداویستی ڕۆژانەیان بۆ منداڵان دابین کرد، ئەوەش بووە مایەى خۆشحاڵى منداڵانى ماڵەکە و، لەلایەن ستافى کارگێڕى ماڵەکەش سوپاسى ستافى فێرخوازان و بەشى کارگێڕى گشتى کرا.
ساڵانە لەسەر ئاستى بەشە جیاکانى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک پابەندبوونی زانکۆ بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنى هەستى خزمەتکردن و کارى خۆبەخشى و خێرخوازى چالاکى جیاواز ڕێکدەخات، ئەم چالاکیەش بەشێکە لەو هەوڵانە.