بە ئامادەبوونى سەرۆکى زانکۆ، کۆلێژى پزیشکی ددانی وۆرکشۆپێکی زانستیی لەبارەى نەخۆشخانەی فێرکاری بەڕێوەبرد
بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، کۆلێژی پزیشکی ددان وۆرکشۆپێکی زانستیی چڕی بە ناونیشانی “ناساندن و سیستمی کارکردن لە نەخۆشخانەی فێرکاریی پزیشکی ددان” بەڕێوەبرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٩/١/٢٠٢٦) لە هۆڵى (VIP) زانکۆ بە ئامادەبوونى مامۆستایان و فێرخوازان و پسپۆڕانى بوارى پزیشکى ددان بەڕێوەچوو، هەریەک لە مامۆستایانى یاریدەدەر (مەریەم فاخر ئیبراهیم و غوفران موسلیم عەقیل) ناوەڕۆکى وۆرکشۆپەکەیان پێشکەش کرد و، تێیدا تیشکیان خستە سەر ستراتیژییەتی زانکۆ لە پەرەپێدانی لایەنی کلینیکی و ئاشناکردنی فێرخوازان بە ژینگەی ڕاستەقینەی کارکردن. هەر لە وۆرکشۆپەکەدا پێکهاتە کارگێڕییەکان و سیستمی پێشکەوتووی کارکردن لە نەخۆشخانەکە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، بە یەکێک لە ناوەندە پزیشکییە دەگمەنەکان هەژمار دەکرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی مۆدێرن.
لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا، فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی کۆلێژى پزیشکی ددان سمینارێکى
هاوبەشى وردیان دەربارەی یەکە جیاوازەکانی نەخۆشخانە پێشکەش کرد و، باسى پسپۆڕییە وردەکانی وەک (پزیشکی ددانی پارێزى، چارەسەری ڕەگ و دەمار، ڕاستکردنەوەی ددان، نەشتەرگەری دەم و شەویلگە، پزیشکی ددانی منداڵان، و چارەسەری پووک و تیشکی ددان) کرد. هاوکات فێرخوازان بە وردی باسیان لە ” قۆناغەکانى چارەسەرى چارەخواز و نەخۆش” (Patient Journey) کرد، هەر لە وەرگرتن و دەستنیشانکردنی وردی حاڵەتەکان، تا دەگاتە قۆناغی داڕشتنی پلانێکی چارەسەری گشتگیر و ئەنجامدانی ڕێکارە پزیشکییەکان بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیا. هەروەها جەخت لەسەر بنەماکانی سەلامەتیی نەخۆش و پاراستنی کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان کردەوە.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، وتەیەکى گرنگى پێشکەش کرد و تێیدا بە قووڵی تیشکی خستە سەر ڕۆڵی بونیادنەری نەخۆشخانەی فێرکاری وەک ژێرخانێکی ستراتیژی بۆ زانکۆ و کۆمەڵگە. سەرۆکی زانکۆ ستایشی ئاستی بەرزی زانستی و ئامادەیی پیشەیی فێرخوازانی کرد و ڕایگەیاند: “ئەم نەخۆشخانە فێرکارییە تەنها نابێتە ناوەندێکی خوێندن، بەڵکو دەبێتە دامەزراوەیەکی پێشەنگی خزمەتگوزاریی و، بە نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامێری پزیشکیی جیهانی خزمەت پێشکەش دەکات، لە پاڵیشدا تا فێرخوازانمان دەتوانن لە ژینگەیەکی نموونەییدا ئەزموونی پراکتیکی وەربگرن و بە متمانەیەکی تەواوەوە بچنە ناو جیهانی کارەوە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە شانازی بەو پەرۆشی و دڵسۆزییەوە دەکات، کە لە چاوی فێرخوازاندا دەبینرێت بۆ خزمەتکردنی
مرۆڤایەتی، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە زانکۆی جیهان-هەولێر هەموو تواناکانی تەرخان دەکات بۆ پشتیوانیکردنی ئەم نەوەیە تا ببنە پێشەنگی کەرتی پزیشکی لە ناوچەکەدا و، بە بەرزترین ڕەوشتی پیشەییەوە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشان و چارەسەرخوازاندا بکەن.









