تیپى فێرخوازانى بەشى یاسا بە تۆمارکردنى پێنج گۆڵ بەسەر تیپى فێرخوازانى بەشى ئەندازياری پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك سەرکەوتن
لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناغی دووەمی خولی تۆپی پێی ناوخۆیی زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢/٢/ ٢٠٢٦، یارییەکی پڕ ململانێ لە نێوان تیپی فێرخوازانی بەشی یاسا و تیپی فێرخوازانی بەشی ئەندازیاریی پرۆگرامسازی و ئینفۆرماتیک بەڕێوەچوو.
تیپی فێرخوازانی بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی و ئینفۆرماتیک کە بەهۆی تیروپشکەوە ڕاستەوخۆ گەیشتبووە ئەم قۆناغە، ڕووبەڕووی تیپی فێرخوازانی بەشی یاسا بووەوە، کە وەک براوەی یاری پێنجەم هاتبووە نێو یاریگە. نیوەی یەکەمی یارییەکە ئاستێکی خێرای بەخۆیەوە بینی و هەردوولا هێرشی چڕیان بۆ سەر گۆڵی یەکتر ئەنجامدا، تا دواجار یاریزانانی تیپی فێرخوازانی بەشی یاسا بە هێرشێکی خێرا گورزی یەکەمیان وەشاند و گۆڵی پێشەنگیان تۆمارکرد. پاش چەند خولەکێک، هێرشبەرێکی تیپی فێرخوازانی بەشی یاسا بە هەوڵێکی تاکەکەسیی سەرنجڕاکێش گۆڵی دووەمی زیادکرد و گێمی یەکەم بە ئەنجامی (2-0) کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا، تیپی فێرخوازانی بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازی و ئینفۆرماتیک بە فشارێکی زۆرەوە گەڕانەوە نێو یاریگە و چەندین هەلی مەترسیداریان دروستکرد، بەڵام پتەویی هێڵی بەرگری، لێهاتوویی گۆڵپارێز و ستوونی گۆڵ ڕێگربوون لە تۆمارکردنی گۆڵ. لە بەرامبەردا، تیپی فێرخوازانی بەشی یاسا بە زیرەکییەوە پشتی بە هێرشی هەڵگەڕاوە بەست و بە قۆستنەوەی چوونە پێشەوەی بەرگریکارانی تیپی بەرامبەر، سێ گۆڵی تری یەک لە دوای یەکیان تۆمارکرد.
یارییەکە بە سەرکەوتنی گەورەی تیپی فێرخوازانی بەشی یاسا بە ئەنجامی (5-0) کۆتایی هات، بەمەش تیپی فێرخوازانی بەشی یاسا وەک یەکەمین تیپ بلیتێکی سەرکەوتنی بۆ قۆناغی داهاتووی خولەکە مسۆگەر کرد.







