تیپی فێرخوازانى بەشی تەکنیکی سڕکردن بەسەر بەشی ژمێریاریی سەرکەوتن و، گەیشتنە یاریی پێش کۆتایی
لە درێژەی یارییەکانی خولی ناوخۆیی تۆپی پێی زانکۆی جیهان–هەولێر، کە لەلایەن بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٤/٢/٢٠٢٦)، یارییەکی گرنگ لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی خولەکە لە نێوان تیپی فێرخوازانی بەشی “تەکنیکی سڕکردن” و تیپی فێرخوازانی بەشی “ژمێریاری” بەڕێوەچوو.
یارییەکە لە کەشێکی وەرزشیی پڕ لە ململانێ و جۆش و خرۆشدا ئەنجامدرا، کە تێیدا ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەرانی هەردوو لا جوانییەکی تایبەتی بە یارییەکە بەخشیبوو. هەردوو تیپ بە ئامانجی بردنەوە و مسۆگەرکردنی پلیتی گەیشتن بە قۆناغی پێش کۆتایی هاتبوونە نێو یاریگا.
لەگەڵ دەسپێکی یارییەکە، هەردوو تیپ بە پلانێکی ڕێکخراو و هێرشبەرانە دەستیان بە جوڵە کرد. پاش چەندین هێرشی یەک لە دوای یەک، هێرشبەرانی بەشی تەکنیکی سڕکردن توانییان قفڵی یارییەکە بشکێنن و یەکەم گۆڵی پێشەنگبوون تۆمار بکەن، کە بووە مایەی دڵخۆشییەکی زۆری هاندەرانیان. بەڵام تیپی فێرخوازانی بەشی ژمێریاری زۆری نەخایاند و بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی یەکسانبوونیان تۆمار کردەوە. بەم ئەنجامە (١-١) گێمی یەکەم کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا، ڕکابەرییەکان چڕتر بوونەوە و هەردوو تیپ بە وریاییەکی زیاترەوە یارییان دەکرد. لەم گێمەدا، تیپی فێرخوازانی بەشی تەکنیکی سڕکردن بەهۆی کارامەیی یاریزانانی هێڵی ناوەڕاستیانەوە توانییان کۆنتڕۆڵی یاریگاکە بگرنە دەست. فشارە بەردەوامەکانیان ئەنجامی هەبوو و توانییان گۆڵی دووەم تۆمار بکەن. پاشان، بە قۆستنەوەی چەند هەڵەیەکی هێڵی بەرگریی تیپی بەرامبەر، هێرشبەرانی بەشی سڕکردن توانییان گۆڵی سێیەم و چوارەمیش تێبپەڕێنن.
یارییەکە بە ئەنجامی (٤-١) لە بەرژەوەندیی تیپی فێرخوازانی بەشی تەکنیکی سڕکردن کۆتایی هات. بەم سەرکەوتنە گەورەیە، تیپی فێرخوازانی بەشی سڕکردن وەک یەکەم تیپ توانی خۆی بگەیەنێتە یاریی پێش کۆتایی خولەکە و ئاستێکی بەرز و شایستە پێشکەش بکات.







