تیپی فێرخوازانى بەشی چارەسەری سروشتی بە سەرکەوتن بەسەر تیپى فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکی دداندا گەیشتە یاریی پێش کۆتایی
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی (٤/٢/٢٠٢٦)، لە درێژەی یارییەکانی خولی ناوخۆیی زانکۆی جیهان–هەولێر بۆ تۆپی پێ، یارییەکی بەهێز و دراماتیکی لە نێوان تیپی فێرخوازانی بەشی “چارەسەری سروشتی” و تیپی فێرخوازانی “کۆلێژی پزیشکی ددان” بەڕێوەچوو.
هەردوو تیپ کە بە ململانێیەکی سەخت گەیشتبوونە ئەم قۆناغە، یارییەکی ئاست بەرزیان پێشکەش کرد کە لە تامی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان بوو. گێمی یەکەم سەرەڕای هێرشە بەردەوامەکان، بەهۆی توندوتۆڵی هێڵی بەرگریی هەردوو لاوە بە بێ گۆڵ کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا، یارییەکە گەرمتر و هەستیارتر بوو، بە جۆرێک ناوبژیوان چەندین جار یارییەکەی وەستاند بۆ هێورکردنەوەی کەشەکە. دوای چەندین هەوڵ، تیپی فێرخوازانی بەشی چارەسەری سروشتی توانی گۆڵی یەکەم تۆمار بکات. دوای گۆڵەکە، یارییەکە بەرەو توندوتیژی ڕۆیشت و ناوبژیوان ناچار بوو چەندین کارتی ڕەنگاوڕەنگ بەکاربهێنێت؛ لە ئەنجامدا دوو یاریزانی تیپی چارەسەری سروشتی بە کارتی سوور دەرکران.
بەو جۆرە بۆ ماوەی نزیکەی ٦ خولەک، تیپی فێرخوازانی بەشی چارەسەری سروشتی بە ٤ یاریزانەوە لە بەرامبەر ٦ یاریزانی پزیشکی دداندا جەنگان. سەرەڕای کەمیی ژمارەیان، پزیشکی ددان نەیانتوانی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن، و یارییەکە بە ئەنجامی (١-٠) لە بەرژەوەندی چارەسەری سروشتی کۆتایی هات. بەمەش تیپی فێرخوازانی بەشی چارەسەری سروشتی گەیشتە یاریی پێش کۆتایی و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ڕووبەڕووی تیپی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن ببێتەوە.







