تیپی فێرخوازانی بەشی ژمێریاری بە شەش گۆڵ لە تیپی فێرخوازانی بەشی ئینگلیزییان بردەوە
لە گەڕێکی دیکەی یارییەکانی خولی ناوخۆیی زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١/٢/٢٠٢٦، هەردوو تیپی فێرخوازانی بەشی “ژمێریاری” و بەشی “ئینگلیزی” ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
سەرەتای یارییەکە بەهۆی نالەباریی کەشوهەوا، باران و سەرمایەکی زۆر، ئاستی یاریزانانی هەردوو تیپ سستیی پێوە دیار بوو. بەڵام لە نیوەی گێمی یەکەمدا، یاریزانانی تیپی فێرخوازانی بەشی ژمێریاری توانییان گۆڵی یەکەم تۆمار بکەن، کە ئەم گۆڵە بووە کلیلی کردنەوەی دەرگای “کەرنەڤاڵی گۆڵەکان”. هەر لەو گێمەدا دوو گۆڵی دیکەی یەک لە دوای یەکیان تۆمار کرد و بە پێشکەوتنی (3-0) چوونە پشووی نێوان هەردوو گێم.
لە گێمی دووەمدا، سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین گۆڕانکاری لە ڕیزەکانی تیپی فێرخوازانی بەشی ئینگلیزی، بەڵام نەیانتوانی باری لاسەنگی یارییەکە ڕاست بکەنەوە. هێرشبەرانی تیپی فێرخوازانی بەشی ژمێریاری بە لێهاتووییەوە لاوازیی هێڵی بەرگریی تیپی بەرامبەریان قۆستەوە و گۆڵی چوارەم و پێنجەمیشیان تۆمار کرد. تەنها گۆڵی تیپی فێرخوازانی بەشی ئینگلیزی لەم یارییەدا، تەنها وەک “گۆڵی شەرەف” مایەوە و نەیانتوانی جیاوازییەکە کەم بکەنەوە.
لە دوا خولەکی یارییەکەدا، بە شۆتێکی بەهێز و سەرنجڕاکێش لە ناوەڕاستی یاریگەوە، تیپی فێرخوازانی بەشی ژمێریاری گۆڵی شەشەمی تۆمار کرد و کۆتایی بە “فێستیڤاڵی گۆڵەکان” هێنا. یارییەکە بە ئەنجامی گەورەی (6-1) لە بەرژەوەندیی تیپی فێرخوازانی بەشی ژمێریاری کۆتایی هات و بەم سەرکەوتنە گەورەیە خۆیان گەیاندە قۆناغی داهاتووی خولەکە.







