دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر دەبێتە لێپرسراوى هەماهەنگی نێوان یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان و کونسوڵگەرییەکان
بۆ تاوتوێکردنى چەند بابەتێکى پەیوەست بەکاروبارى وەبەرهێنان و، باشتر ڕایکردنى کاروبارەکان بەئامادەبوونى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر ئەندامى دەستەى کارگێڕى یەکێتى وەبەرهێنەرانى کوردستان کۆبوەوە.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەسەرپەرشتى ئەندازیار ئەحمەد ڕێکانى سەرۆکى یەکێتى وەبەرهێنەرانى کوردستان بەڕێوەچوو، باس لە کارنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و ڕۆلى یەکێتى وەبەرهێنەران لەو بوارەدا کرا، هەروەک جەختیش لە گرنگى بەشداریکردنى وەبەرهێنەران لە پیشانگەى نیشتەجێبون کرایەوە.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا و، بۆ باشتر ڕایکردنى کاروبارى وەبەرهێنەران چەند بڕیارێکدرا، لەو چوارچێوەیەدا و بۆ باشترکردنى هەماهەنگی نێوان یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان و
کونسوڵگەرى وڵاتان دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر ئەندامى دەستەى کارگێڕى یەکێتى وەبەرهێنەرانى کوردستان و سەرۆکى دەستەى ئەمیندارانى زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانى جیهان وەک لێپرسراوى هەماهەنگی نێوان یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان و کونسوڵگەرییەکان دەستنیشانکرا.
کۆبونەوەکە بەدەرکردنى چەند بڕیارێکى دیکەى پەیوەست بەکاروبارى وەبەرهێنەران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەڵاڵەکردنى چەند پێشنیازێک بۆ کۆنفرانسێکی تایبەت بە کێشە ڕۆتینیەکانی دەزگا و دامەزراوەکانى حکومیەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایى هات.