د. نەوزاد یەحیا باجگر پڕۆژەیەکى گرنگ بۆ بەستنەوەى زانکۆ بەبازارى کار ڕادەگەێنیت
بەئامانجى سوود وەرگرتن لە تواناى فێرخوازان و, بەستنەوەى وانەکانى خوێندن، د. نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان پڕۆژەیەکى گرنگى ڕاگەیاند.
لەو چوارچێوەیەدا، دواى نیوەڕۆى ڕۆژى سێشەممە، ڕێکەوتى (٢٦/١/٢٠٢١) لە میانەى کۆبونەوەیەکەدا، کە بەامادەبوونى پ.د.ئەمجەد صابر دلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر لە هۆڵى (VIP) لە زانکۆى جیهان بەڕێوەچوو، سەرەتا سەرۆکى زانکۆ بەخێرهێنانى ئامادەبووانى کرد و، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕۆژێکى گرنگە بۆ زانکۆى جیهان، چونکە سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان پڕۆژەیەک بۆ بوژانەوەى پەیوەندى نێوان زانکۆ و بازارى کار ڕادەگەێنێت.
بۆ ئەو مەبەستە، د. نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان کورتەیەکى لەسەر گرنگى زانکۆ لە کۆمەڵگە خستەڕوو، پاشان باسى لە بابەخى توانا و لێهاتووى مامۆستایانى زانکۆ لە پێشخستنى کۆمەڵگە لە بوارە جیاکان کرد و ڕایگەیاند: گرنگە زانکۆ خاوەن کۆمەلێک پسپۆڕ و کەسانى ئەکادیمى و مامۆستای بەتوانا بێت، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە چۆن بتوانن ئەو زانست و زانیارییانەى کە هەیانە پێشکەشى فێرخوازان و کۆمەڵگەى بکەن، بەخشینى زانست و مەعریفە یەکێک لە پایە هەر گرنگەکانى پێشکەوتنى کۆمەڵگەکان.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا، سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان ڕوو لە ئامادەبووانى کۆبونەوەکە ڕایگەیاند: هەریەک لە ئێوە خاوەن کۆمەڵێک زانیارى و مەعریفەى تایبەتن، دڵنیام بەشێکتان پڕۆژەى گرنگتان هەیە بۆ پێشکەوتنى کۆمەڵگەکەتان، بۆیە لێرەوە بەئێوەى بەرێز ڕادەگەێنم پێویستە هەر یەک لە مامۆستایان و ستافى زانستى بەشەکانى زانکۆ پڕۆژەیەک ئامادە بکەن و، ئێمەش پاڵپشتى تەواوى داریی و مەعنەویتان دەکەین بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکانتان.
د.نەوزاد یەحیا باجگر ڕونکردنەوەى زیاترى لەسەر ئامانجى پڕۆژەکەى پێشکەش بەئامادەبووان کرد و ڕایگەیاند: ئێمە خاوەن سەرمایەیەکى مرۆیی گەورەین، خاوەن کۆمەلێک گەنجى بەتوانا و لێهاتووین، بەڵام ئەم گەنج و فێرخوازانە پێویستیان بەدەستگیرۆیکردن و یارمەتیدان هەیە تا بتوانن داهێنان پێشکەش بەکۆمەڵگەکەیان بکەن، ئەرکى زانکۆ و مامۆستایانى زانکۆش تەنها بەخشینى بڕوانامە نیە، بەڵکو دەبێ فێرخوازان فێرى هزرى داهێنەرانە بکەن، وتیشى ئێمە نابێ تەنها لەسەرکەوتنەکان فێرى شت بین، بەڵکو زۆرجار کێشە وگرفتەکانیش فێرى شتى تازەمان دەکەن، وەک چۆن لە پەتاى کۆرۆناوە فێرى زۆر شت بووین.
لە کۆتایى قسەکانیدا، سەرۆكی ئەمیندارییەتی زانكۆكانی جیهان هانى مامۆستایانى دا لە ئایندە بڕوانن و داهاتوویەکى گەش بۆ نەوەکانمان دابین بکەن، چونکە ئەمڕۆ ئێوە پێشەنگى کۆمەڵگەن، ئەوەشى ڕاگەیاند: باشترین سێ پڕۆژە خەڵاتێکى تایبەتیان پێشکەش دەکەم.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، پ.د.ئەمجەد صابر دلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان- هەولێر ناوەڕۆکى پڕۆژەکەى بۆ ئامادەبووان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: دەبێ لە ماوەى هەفتەیەکدا هەریەک لە مامۆستایانى بەش بیرۆکەیەک بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەیەک پێشکەش بەسەرۆکایەتى زانکۆ بکەن، بەشێوەیەک هەر پڕۆژەیەک (١٠) فێرخواز لەخۆبگرێ و پڕۆژەکان پەیوەندییان بەچۆنیەتى پەرەپێدانى تواناى فێرخوازان هەبێ بۆ بازارى کار، وتیشى مەرجە لە داڕشتن و گەڵاڵەکردنى لایەنەکانى پڕۆژەکەدا سوود لە بیرۆکەکانى فێرخوازانى بەشدار بوو وەربگیرێت، لە کۆتایشدا دەبێ تەواوى خاڵەکانى لایەنەکانى چۆنیەتى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە ڕون بکاتەوە.