زانكۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە داڕشتنی نەخشەڕێی سەربەخۆیی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە کوردستان دەكات
بەسەرپەرشتی دكتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، یەکەمین گفتوگۆی تایبەت بە پرسی سەربەخۆیی زانکۆکانى کوردستان بەڕێوەچوو و، تیایدا شاندێكی زانكۆی جیهان-هەولێر بەسەرۆكایەتی پڕۆفیسۆر دكتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆكی زانكۆی جیهان-هەولێر بەشدارییان لە گفتوگۆكەدا كرد.
لەو گفتوگۆیەدا، كە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (2025/12/2) لە شارى هەولێر بە ئامادەبونى مامۆستایانى زانکۆ و ئەکادیمیستان و پسپۆرانى بوارەکە بەڕێوەچوو. لە دەستپێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهاتنی مامۆستایان و ئەکادیمیستان و بۆ بەشدارییان لە یەکەمین گفتوگۆی تایبەت بە (پرسی سەربەخۆیی زانکۆکان)، ڕایگەیاند: کۆنسێپتی سەربەخۆیی زانکۆ پرسێکی گرنگ و فرە ڕەهەندە، لایەنی سەربەخۆیی دامەزراوەیی، سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕی و ئازادى ئەکادیمى لە خۆدەگرێت و گرێدراوە بە چەمک و بنەماکانى ئازادى و دیموکراسى و مافەکانى مرۆڤ و کارایی دامەزراوە ئەکادیمیەکان.
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: دواى حەڤدە ساڵ لە دەرچونی یەکەمین یاسای خوێندنی باڵا، ئێستا کاتیەتی بە تێڕوانینێکی نوێ بیر لە داڕشتنەوەی بنەما یاساییەکانی خوێندنی باڵای وڵاتەکەمان بکەینەوە، بە جۆرێک سەربەخۆیی زانستی و دارایی و کارگێڕی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا فەراهەم بکات، بۆ ئەوەش وتی: تاوەکو ئەو کاتەی پرۆژە یاسایەکی نوێ بۆ خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان دێتەکایەوە، کار دەکەین بۆ ئەوەی نەخشەڕێگەیەک بۆ سەربەخۆیی زیاتری زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمى کوردستان دابڕێژین، تا زانکۆکان لەڕووی ستراکچەرو میکانزمی کارکردن زیاتر دیموکراتیزە بکرێن و، ببنە ئەو دامەزراوانەی کە سەربەخۆ توانای خۆبەڕێوەبردن و خۆهەڵسەنگاندن و خۆڕاستکردنەوەیان هەبێت.
پاشان دەرگای گفتوگۆ بە ڕووی ئامادەبوان كرایەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پرۆفیسۆر دكتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆكی زانكۆی جیهان-هەولێر دوای ئەوەی پاڵپشتی خۆی بۆ پرۆسەكە دوپاتكردەوە، جەختی لە پێویستی سەربەخۆیی زانكۆكان لە بوارەكانی زانستی، كارگێڕیی و دارایی كردەوە، وتیشی گرنگە بنەما و چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ ئەو مەبەستە دابنرێ تا زانكۆكان بتوانن كاری لەسەر بكەن، ڕاشیگەیاند زانكۆی جیهان-هەولێر لە چوارچێوەیەی پرۆپۆزەڵێك پرۆژەی سەربەخۆیی زانكۆكان لە بوارە جیاوازەكان لە ئایندەدا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەرز دەكاتەوە و، وردەكاری پرۆسەكان دەستنیشان دەكات.
شاندی زانكۆی جیهان-هەولێر كە پێكهاتبوون لە هەریەك لە دكتۆر عەلی حسین محمد سەرۆكی بەشی بایۆمیدیكاڵ، دكتۆر عومەر زوبێر سەرۆكی بەشی یاسا، دكتۆر ساڵح زێباری بەڕێوەبەری ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانی زانكۆی جیهان-هەولێر و دكتۆر حەسەن فەهمی حەسەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەبووان سەرنج و بۆچونى تایبەتى خۆیان لەبارەى سەربەخۆیی زانکۆکان خستەڕوو، بەشێوەیەكی گشتی سەرجەم بەشداربوان کۆک بوون لەسەر ئەوەی هەمومان پێكەوە کار بکەن تاوەكو خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بکەنە مۆدێلێکی سەرکەوتو و جیاواز لە مۆدیلەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.







