زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییەکی کارا لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی گشتیی کورسییەکانی یونسکۆ لە عێراق بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و هاوبەشی نێودەوڵەتی دەکات
لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەشداریکردن لە پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و بەهێزکردنی هاوبەشییە ئەکادیمییەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، زانکۆی جیهان-هەولێر بەشدارییەکی کارای لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی گشتیی کورسییەکانی یونسکۆ لە عێراق کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی فیدراڵی، بە هاوکاری نوێنەرایەتی ڕێکخراوی یونسکۆ، لە زانکۆی بەغدا لە ڕۆژانی (1 و 2ی/10/2025) بەڕێوەچوو، بەشداریکردنێکی فراوانی ئەکادیمیستان و توێژەران و دیپلۆماتکارانی لە زانکۆ عێراقی و عەرەبی و نێودەوڵەتییە جیاوازەکانەوە بەخۆوە بینی، لەو چوارچێوەیەشدا بە بانگهێشتى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی – فەرمانگەی ناردن و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان، پڕۆفیسۆر دکتۆر سەبیح هاشم مەهودەر، سەرۆکی بەشی ئەندازەی تەلارسازی، بە نوێنەرایەتی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجد سابیر دەلو سەرۆکى زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لەو کۆنفرانسە باڵایەدا کرد.
لە کۆنفرانسەکەدا کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، پڕۆفیسۆر دکتۆر حەیدەر عەبد زەهد، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە وتەیەکیدا ڕوونیکردەوە ئەم پڕۆژەیە زانکۆ عێراقییە پێشەنگەکانی لە بوارەکانی توێژینەوەی زانستیدا بە هاوتا جیهانییەکانیانەوە دەبەستێتەوە و، ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە نایابەکانی توێژینەوەی زانستی و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیرییە لە نێوان عێراق و دامەزراوە زانستییە جیهانییەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوی یونسکۆوە، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەک بابەتى سەرەکی تیایدا تاوتوێ کرا، کە تایبەت بوون بە بەهاکانی فرەیی و مافەکانی مرۆڤ، لەوانە پرسی جینۆساید، گفتوگۆی ئایینەکان، ئاشتی و پەروەردەی تەندروستی، کە بەشداری لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیارتر و مرۆڤدۆستانەتر دەکەن. بەشداربووان جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی ڕۆڵی کورسییەکانی یونسکۆ لە عێراق کردەوە وەک پلاتفۆرمی کارا بۆ پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و پشتیوانیکردنی گفتوگۆی ڕۆشنبیری و زانستی، هەروەک جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیدان بە هاوکاریی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ خزمەتکردنی پرسەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
نوێنەرى زانکۆی جیهان-هەولێر لە میانەى بەشداریکردن لە پانێڵ و دیدار و کۆبونەوەکانیدا جەختى لە پابەندبوونی قووڵی زانکۆى جیهان-هەولێر بە بەدیهێنانی ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام کردەوە، ڕونیشیکردەوە لە ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥) ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوام بۆتە بابەتێکى سەرەکى لەسەرجەم بەشە زانستیەکان، هاوکات باسى لە پلانى و ستراتیژى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردەوامى نەتەوە یەکگرتووەکان و، خوێندنی کوالیتی بەرز و، کەمکردنەوەی نایەکسانییەکان و، چۆنیەتی بەستنەوەی توێژینەوەی زانستی بە پرسە هاوچەرخەکان لەناویاندا ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان و بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە کۆڕبەندە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکاندا. هاوکات نوێنەرى زانکۆی جیهان-هەولێر وتى: شانازی دەکەین، کە بەشێکین لەم دەستپێشخەرییە بە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانی توێژینەوەی زانستی و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیرییە لە نێوان توێژەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و پێشکەشکردنی بەشدارییەکی بەرچاوە لە بنیاتنانی کەلتووری ئاشتی و ڕێگریکردن لە جینۆساید و بەهێزکردنی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان.
لە کۆتاییدا، کۆنفرانسەکە بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی ڕۆڵی کورسییەکانی یونسکۆ لە عێراق کارەکانی کۆتایی پێهێنا، هەروەک پێویستیی بەردەوامیدان بە هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ خزمەتکردنی پرسەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دوپاتکرایەوە، بۆ ئەوەش زانکۆی جیهان-هەولێر بە پەرۆشەوە چاوەڕێی سوودوەرگرتن لە دەرئەنجامەکانی ئەم کۆنفرانسە دەکات بۆ پێشخستنی بەرنامە ئەکادیمی و توێژینەوەییەکانی و فراوانکردنی تۆڕی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکانی، بە شێوەیەک کە خزمەت بە دیدگەکانی بکات.