زانکۆی جیهان – هەولێر بەشداری لە سمینارێکی نێودەوڵەتی لە وڵاتی کۆمارى میللى چین دەکات
لە چوارچێوەى چالاکیە بەردەوامەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ کۆنسڵگەرى کۆمارى میللى چین لە هەرێمى کوردستان بۆ ئاشناکردن و ڕاهێنانى ستافى زانستى و کارمەندان بە ئاستى پێشکەوتنى کۆمارى میللى چین لە بوارە جیاوازەکان، کارمەندێکى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک ڕاوەندى چوارەم گەیشتە شاری ووشی (Wuxi) ئەو وڵاتە.
لە چوارچێوەى کار و چالاکیەکانى لەو وڵاتە و، وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەشداریکردن لە کۆڕ و چالاکییە زانستییە نێودەوڵەتییەکان، (وەشەن نەبەز حەمەد)، کە یەکێک لە کارمەندانی زانکۆی جیهان – هەولێر، وەک نوێنەری زانکۆ بەشداری لە سمینارێکی نێودەوڵەتی لە شاری ووشی لە وڵاتی چین دەکات. سمینارەکە بە ناونیشانی “بەها زیادکراوەکانی سامانی ماسی، پەرەپێدانی بەرهەمهێنان، و بنیاتنانی سیستمی بازاڕ بۆ وڵاتانی گەشەسەندوو” بەڕێوەدەچوو، کە ئامانج لێی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری، داهێنان و گەیشتنە بە پەرەپێدانێکی بەردەوام لە کەرتی سامانی ماسیدایە لەسەر ئاستی جیهان.
ئەم چالاکییە گرنگە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی کۆماری میللى چین و “ناوەندی توێژینەوەی سامانی ماسیی ئاوی شیرین” سەر بە ئەکادیمیای چینی بۆ زانستەکانی ماسی ڕێکخراوە.
زانکۆی جیهان – هەولێر، شانازی بەم بەشدارییە نێودەوڵەتییەوە دەکات و، لە کار و پڕۆژەکانى بۆ ئاشناکردنى فێرخوازان و کارمەندان و ستافى زانستى بە ئاستى پێشکەوتنى وڵاتان لە بوارە جیاوازەکان بەردەوام دەبێ.