زانکۆی جیهان – هەولێر بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە خولێکی ڕاهێنانی بەڕێوەبردنى ئەلیکترۆنى هێنا.
سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر خولێکى پەرەپێدانی توانا ئەکادیمییەکان لە بوارى دیجیتاڵى بۆ (٢١) لە مامۆستای تازە دامەزراوى زانکۆکە بەڕێوەبرد.
خوولەکە لەلایەن دکتۆر حەسەن فەهمی دەلۆیی، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بەڕێوەبرا، لە ماوەى خولەکەدا چەندین بابەت وترانەوە، بەتایبەت لایەنە تەکنیکەکانی فێرکردنی ئەلیکترۆنی و سیستمی بەڕێوەبردنی ( Moodle)، وەک یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن لە سەردەمی نوێدا.
خولەکە، کە لە هۆڵی VIP ى زانکۆ بەڕێوەچوو، بەشێوەیەکى تیۆری و پراکتیکی بەڕێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستاى خولەکە باسى لە چەندین بابەتی جیاواز کرد، لەوانە دیزاینکردنی پرۆگرامە ئەلیکترۆنییەکان، بەڕێوەبردنی ناوەڕۆکی خوێندن، ئامادەکردنی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنە ئەلیکترۆنییەکان، هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندییەکی کارا لە نێوان فێرخوازان و مامۆستایان لە ڕێگەی ئامرازەکانی بەشداریکردن و کارلێککردن لەناو پلاتفۆرمەکەدا، هاوکات جەخت لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی ژینگەیەکی فێربوونی تێکەڵاو کرایەوە، کە فێرکردنی نەریتی و فێرکردنی ئۆنلاین پێکەوە کۆبکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوودی فێرکاری.
لە کۆتایی خولەکەدا دکتۆر حەسەن فەهمی دەلۆیی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پرۆگرامە ڕاهێنانە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی تەکنیکی و پەروەردەیی لە مامۆستایاندا، ئاماژەی بەوەشکرد کە بەهێزکردنی کادیرانی ئەکادیمی بۆ مامەڵەکردن بە پرۆفیشناڵی لەگەڵ سیستمەکانی بەڕێوەبردنی فێربووندا یارمەتیدەرە لە باشترکردنی کوالێتی خوێندن و بەرزکردنەوەی ئەزموونی خوێندنی فێرخوازان.






