زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە خولی زمانی چینی هێنا و، 22 بازرگان سوودمەند بوون
لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ بەهێزکردنی تواناکانی کەرتی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، زانکۆی جیهان-هەولێر بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە یەکەمین خولی فێربوونی زمانی چینی هێنا. ئەم خولە کە ماوەی نزیکەی دوو مانگی خایاند، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی (26/8/2025)، لە مەراسیمێکی شایستەدا لە هۆڵی VIPی زانکۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی زانکۆ و ژووری بازرگانی هەولێر، کۆتایی هات.
سەنتەری زمان لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە چاودێری سەرۆکایەتی زانکۆ، سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی ئەم خولەی کرد، کە تێیدا تەواوی پێداویستییە لۆجستییەکان دابین کرابوون و، تیایدا (22) بازرگان بەشداربوون ، ئامانجی سەرەکیی بەهێزکردنی توانا زمانەوانیەکانى بازرگانان بوو بۆ ڕایکردنى کاروبارى پەیوەندییە ئابوورییەکان و ئاسانکاریی کاری بازرگانی بوو لەگەڵ وڵاتی چین، بەتایبەتی بۆ ئەو بازرگانانەی کە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ بازاڕ و ناوەندە بازرگانیەکانى چیندا دەکەن.
مەراسیمی کۆتاییهاتنی خولەکە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر عەبدولستار کەریم، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروبارەکانی کارگێڕی و فێرخوازان، و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، هەروەها دکتۆر عەبدولوەحید تەها، بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوە و ڕێکخراوەکان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی، بەڕێوەچوو. کە تیایدا جەختیان لەسەر گرنگیی ئەم جۆرە خولانە کردەوە بۆ پەرەپێدانی توانای بازرگانان و کردنەوەی دەروازەی نوێ بۆ بازاڕە جیهانییەکان، لە کۆتایشدا بڕوانامەى بەشداریکردن بەسەر بەشداربووانى خولەکەدا دابەش کرا.
ئەم خولە لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنێکی ستراتیژیدا هات، کە لە ڕێکەوتی (2025/6/29) لەنێوان پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و کامەران سەڵاح سەعید، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی واژۆ کرد. بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە، هەردوولا کار بۆ چەندین ئامانجی ستراتیژی دەکەن، لەوانە: هاوکاریی زانستی و بازاڕی کار: ئەنجامدانی پڕۆژەی زانستی و توێژینەوەی هاوبەش کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە پێداویستییەکانی بازاڕی کارەوە. پەرەپێدانی توانای مرۆییەکان لە کردنەوەی خولی ڕاهێنان و بەهێزکردنی کارامەیی بۆ ئەندامانی ژووری بازرگانی، لەسەر بنەمای پێویستی و داواکاری. هەروەها ڕێکخستنی خولی تایبەت بە فێرکردنی زمانە جیهانییەکان، وەک زمانی چینی، بۆ ئەو بازرگانانەی کە کار لەگەڵ بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دەکەن خاڵێکى دیکەى ڕێککەوتنامەیەکەیە، لەگەڵ کردنەوەی دەرگای ڕاهێنان و دامەزراندن بۆ فێرخوازانى زانکۆ لەو کۆمپانیا و دامەزراوانەی کە ئەندامی ژووری بازرگانین. ئەوە جگە لە ڕێکخستنی کۆنفرانس، سیمینار و وۆرکشۆپی هاوبەش کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوولا و کۆمەڵگە بکات.