زانکۆ تایبەتەکانی هەرێم بەیاننامەیەکی ناڕەزایی بڵاودەکەنەوە و، بەرگری لە پێگەی زانستی خۆیان دەکەن
سەرۆک زانکۆ تایبەتەکانی هەرێم هۆشداری دەدەن: ئەگەر د. سەروەر عەبدولڕەحمان داوای لێبوردن نەکات، ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر
لە یاداشتێکی ناڕەزایی هاوبەشدا، سەرۆک زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی لێدوانەکانی “د. سەروەر عەبدولڕەحمان” دەدەنەوە کە زانکۆ تایبەتەکانی بە “مارکێت” چواندبوو، و هۆشداری دەدەن ئەگەر لە ماوەی چوار ڕۆژدا داوای لێبوردن نەکات، ڕووبەڕووی دادگای دەکەنەوە.
ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، سەرۆک زانکۆ تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی توندی ناڕەزاییان بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیان کردەوە کە زانکۆ تایبەتەکان دامەزراوەی فەرمی ناسێنراون لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستانەوە و هاوشانی زانکۆ حکومییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پێگەیاندنی کادری کارامە و پڕچەک بە ئاکارەکانی سەدەی ٢١.
پێوەرە زانستییەکان و دەستکەوتی دەرچووان
لە یاداشتەکەدا هاتووە، بەشێک لە زانکۆ تایبەتەکان بوونەتە نموونەی باڵای زانستی و تەنانەت کێبڕکێی زانکۆ جیهانییەکان دەکەن. سەرۆک زانکۆ کان لە یاداشتننامەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە دەرچووانیان لە ساڵانی ڕابردوودا توانیویانە کورسی خوێندنی باڵا لە وڵاتانی وەک ئەمریکا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئوسترالیا و چین…هتد بەدەستبهێنن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پەیڕەوکردنی پێوەرە جیهانییەکان و ئامادەکردنی فێرخواز بۆ ئاڵەنگارییەکانی سەردەم وەک “ژیریی دەستکرد”.
رۆڵی ئابووری و نیشتمانی
سەرۆک زانکۆکان ڕوونیان کردۆتەوە، کە زانکۆ تایبەتەکان تەنها شوێنی خوێندن نین، بەڵکو بوونەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی دەرچووان ببنە خاوەنکاری خۆیان و دەرفەتی کار بۆ کەسانی دیکەش بڕەخسێنن. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم زانکۆیانە بوونەتە ناوندێکى گرنگ پسپۆڕە جیهانی و ناوخۆییەکان کە گەڕاونەتەوە بۆ خزمەتکردنی نیشتمان و ژمارەیەکی بەرچاو لە دەرچووانیشیان ئێستا سەرکردە و کادری بەتوانان لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا، بۆیە بە “شانازی نیشتمانی” وەسفیان دەکەن.
وەڵامدانەوەی تۆمەتەکان و وادەی یاسایی
سەبارەت بە لێدوانەکانی (د. سەروەر عەبدولڕەحمان) کە زانکۆ تایبەتەکانی بە “مارکێت” وەسف کردبوو، لە یاداشتەکەدا هاتووە: “چواندنی زانکۆ تایبەتەکان بە مارکێت کارێکی نازانستی و ناپرۆفیشناڵە و دەچێتە خانەی تەشهیر و ناوزڕاندن، کە لەلایەن کەسانێکەوە دەکرێت کە رەنگە ئاستەکەیان ڕێگربووبێت لەوەی ببنە بەشێک لەم زانکۆیانە.”
لە کۆتایی یاداشتەکەدا، سەرۆک زانکۆ تایبەتەکان مۆڵەتی چوار ڕۆژیان بۆ د. سەروەر دیاریکردووە و ڕایانگەیاندووە: “دەبێت لە ماوەی چوار ڕۆژدا و لە هەمان کەناڵی میدیاییەوە پۆزش بهێنێتەوە و بەفەرمی داوای لێبوردن بکات، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاسایی لە دژی دەگیرێتە بەر.”




