سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پیرۆزبایی لە فێرخوازان و مامۆستایان و ئەنجومەنى زانکۆ دەکات
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەبۆنەى بەدەستهێنانى دەسکەوتە زانستیەکانى چەند ڕۆژى ڕابردوو، پیرۆزبایی لە فێرخوازان و مامۆستایان و ئەنجومەنى زانکۆ دەکات؛ کە ئەمە دەقەکەیەتى…
بەناوى خوداى گەورە و میهرەبان
مامۆستایانى خۆشەویست و توێژەرانى ئازیز…
فێرخوازانى زانستخواز…
ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ
وەک ئاشکرایە لە چەند ڕۆژى ڕابردودا؛ زانکۆکەتان لە نوێترین ڕیزبەندى گۆڤارى نەیچەر (Nature Index) بۆ ناوەندە ئەکادیمیەکان؛ لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان، زانکۆى جیهان-هەولێر یەکەمى زانکۆ تایبەتەکانى بەدەستهێنا، هاوکات لە نوێترین ڕیزبەندى (Webometrics) زانکۆى جیهان-هەولێر توانى ژمارەیەکى پێوانەیی نوێ لە سایتەیشن تۆمار بکات، بەوەش دەسکەوتى زانستى گەورە بەدەست بهێنێت.
ئەم بەرەوپێشچوونانەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەدەسکەوتـێکى زانستى گرنگ و هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ هەموو فێرخوازان و مامۆستایان و توێژەران و کارمەندانی زانکۆی جیهان-هەولێر دەبینم، بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی و دەستخۆشى لەسەرجەم مامۆستایان و توێژەران و فێرخوازانی و کارمەندان و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ دەکەم، لەهەمانکاتدا دوپاتى دەکەینەوە، کە لە ساڵى نوێى خوێندن لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ بەدیهێنانى دەسکەوتى زانستى دیکەى گرنگ و، بەرەوپێشبردنى زیاترى زانکۆ لەسەرجەم بوارەکان، بەشێوەیەک تا زانکۆى جیهان-هەولێر هەمیشە لە پێشەنگى زانکۆکانى کوردستان و عێراق و جیهاندا بێت.
دوبارە پیرۆزە
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر