سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر پێشوازی لە گرووپی نوێى فێرخوازان کرد، کە بۆ تەواوکردنی کۆرسێکی خوێندن بەرەو پۆڵەندا بەڕێدەکەون
لە چوارچێوەی پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتی و بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی فێرخوازان، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، پێشوازی لە گرووپی نوێى فێرخوازانی زانکۆکە کرد کە بڕیارە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا بۆ درێژەدان بە کۆرسێکى خوێندن بەرەو وڵاتی پۆڵەندا بەڕێ بکەون.
لە میانەى دیدارێکدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٠٢٦/٢/١٩) بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و سەرۆى ژمارەیەک لە بەشە زانستییەکان و کەسوکارى فێرخوازان بەڕێوەچوو، ٧ فێرخواز بۆ تەواوکردنی کۆرسێکی تەواوی خوێندن بەرەو پۆڵندا و هەریەک لە ” زانکۆى وارشۆ بۆ زانسته زیندووهكان (Warsaw University of Life Sciences) و زانکۆی وۆچ (University of Lodz) بەڕێکران.
بەو بۆنەیەوە پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ لە وتەیەکیدا بۆ فێرخوازان و کەسوکاریان، تیشکی خستە سەر پێگەی ئەکادیمیی زانکۆکانى پۆڵندا و، ڕوونیشیکردەوە کە وەرگرتنی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لەلایەن ناوەندێکی وا دێرینەوە، گەورەترین نیشانەی متمانەی ئەوانەیە بە ئاستی زانستی و میتۆدەکانی خوێندن لە زانکۆکەماندا، سەرۆکى زانکۆ هەر لە وتەکەیدا جەختی لەسەر چەند خاڵێکی ستراتیژی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ناردنی گروپێکى دیکەى فێرخوازان؛ نیشانەی سەرکەوتنی پڕۆگرامەکانی پێشوو و ڕەزامەندیی زانکۆ جیهانییەکانە لە ئاستی زانستیی فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر. سەرۆکی زانکۆ ڕوونیشیکردەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان سیستمی خوێندنی زانکۆکەیان و زانکۆکانی ئەوروپادا نییە، چونکە هەردوولا پشت بە “سیستمی بۆڵۆنیا (Bologna Process)” دەبەستن، ئەمەش متمانەی فێرخواز بە پڕۆگرامی خوێندنەکەی و مامۆستاکانی زیاد دەکات. سەرۆکی زانکۆ هانی فێرخوازانی دا کە ئەم دەرفەتە بکەنە دەروازەیەک بۆ ئاشنابوون بە سیستمی خوێندنی ئەوروپی بەشێوەیەکى وردتر تاوەکو لە داهاتوودا بتوانن بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرا لەو زانکۆیانە بەدەست بهێنن، بەتایبەت کە وڵاتی پۆڵەندا لە ڕووی کەلتورییەوە ژینگەیەکی سادە و لەباری هەیە و تێچووی ژیان تێیدا بۆ فێرخوازان گونجاوە.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ فێرخوازانى ڕاسپارد وەک “باڵیۆزی زانستی و کەلتووری” نوێنەرایەتییەکی شایستەی زانکۆ و هەرێمی کوردستان بکەن. لەهەمانکاتدا جەختی لەسەر پاراستنی بەها کەلتوری، ئایینی و نەتەوەییەکان و دابونەریتە جوانەکان و بەها پیرۆزەکان کردەوە و، ئاماژەی بەوە کرد کە پێشکەوتنی ڕاستەقینە لە ڕێگەی ئاوێتەکردنی زانست و مەعریفە لەگەڵ ڕەوشتی بەرزدا بەدی دێت، نەک لاساییکردنەوەی ڕووکەشییانەی کەلتورە نامۆکان..
لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆکی زانکۆ هانى فێرخوازانیدا پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ بەشەکانیان هەبێت، جگە لەوەش ئەرکێکی زانستیی خستە ئەستۆی فێرخوازان و ڕاسیپاردن دوای گەڕانەوەیان بە مێشکێکی پڕ لە مەعریفەوە، سیمیناری تایبەت بۆ هاوڕێکانیان ئەنجام بدەن تاوەکو ئەو ئەزموون و زانیارییە نوێیانەی لە پۆڵەندا وەریانگرتووە، بۆ ناو بەشە زانستییەکانی زانکۆکەیان بگوازنەوە. هەروەها سوپاسی کەسوکاری فێرخوازانی کرد بۆ پاڵپشتی و هاوکارییان لە سەرخستنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییەدا.










