شاندێکى ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆنى (جایکا) لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ زانکۆى جیهان-هەولێر کۆبونەوە
بە مەبەستى هەماهەنگى و برەودان بە پەیوەندى زانستى لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر شاندێکى ئاژانسی هاوکاری نێودەوڵەتی ژاپۆنى- جایکا (Japan International Cooperation Agency)ى سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، لەگەڵ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆبونەوە.
ڕۆژى دووشەممە رێکەوتى (١٢/٢/٢٠٢٤) پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى ئاژانسى جایکاى ژاپۆنى بەسەرۆکایەتى نیشیکاوە (Mr. Nishikawa)، ڕاوێژکاری داڕشتنی پڕۆژە، لە ئۆفیسی عێراقى جایکا کرد، لە دیدارەکەدا شاندى میوان ئامانجى سەردانەکەیان ئاشکرا کرد و، وتیان دەخوازین پەرە بە کار و پرۆژەکانمان بدەین، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای کیۆتۆ کاگاکو وتى: کۆمپانیاکەمان لە بوارى کەلوپەل و پێداویستى پزیشکى و تەندروستى فێرکردن کاردەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئەخوازین لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر بنەماکانى کارکردنى پێکەوەیی لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر دروست بکەین.
لە بەرانبەردا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، کورتەیەکى لەبارەى گروپى جیهان بۆ شاندى میوان باسکرد و، ڕاگەیاند: گروپى جیهان یەکێک لە گروپە گەورەکانى عێراق و خاوەنداریەتى (٦) زانکۆ دەکات، لەگەڵ کۆمەڵێک پەیمانگە و قوتابخانە، سەبارەت (زانکۆى جیهان-هەولێر)یش ڕونیکردەوە “زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان یەکەمین زانکۆى تایبەتە، کە لە ساڵى (٢٠٠٧) دامەزراوە، وتیشى لە بوارى پزیشکیدا لە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆلێژەکانى (پزیشکى ددان و دەرمانسازى)مان لەگەڵ بەشە پزیشکى و تەندروستیەکانى (چارەسەرى سروشتى، نیوتریشن و دایەتێتیکس، شیکاریی کیمیایی پزیشکی، تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى، پەرستارى و تەندروستى کۆمەڵ، مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى، بایۆمیدیکاڵ و زانستى تاقيگەی پزيشكی)، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنى زیاتر لە (٤٥) تاقیگەى پزیشکین و، نەخۆشخانەیەکى فێرکارى جیهانیش لە قۆناغى دروستکردندایە، لە کۆتایشدا ئامادەیی زانکۆى جیهان-هەولێرى بۆ هەموو جۆرە هاوکارى و هەماهەنگى و کارى پێکەوەیی نیشاندا، بەتایبەت لە بوارى پزیشکى و تەندروستى و دابینکردنى ئامێر و کەلوپەل و پێداویستى پزیشکى.
هەر لەو دیدارەدا، کە دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، دکتۆر ساڵح زێبارى بەڕێوەبەرى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ئامۆژگار حەوێزى بەڕێوەبەری بەرنامە لە ئۆفیسی جایکا عێراق و (تاکاو) بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای کیۆتۆ کاگاکو (Kyoto Kagaku) ئامادەیبون، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ شاندى ئاژانسی جایکاى ژاپۆنى گفتوگۆیان لەبارەى گرنگى کارى پێکەوەیی کرد، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک بیروڕاى جیاوازیان ئاڵوگۆڕ کرد.