شاندێکى سەرۆک زانکۆکانى عێراق و وڵاتانى ناوچەکە سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد
بەئامانجى لە نزیکەوە ئاشنابون بە زانکۆى جیهان-هەولێر و، دروستکردنى پەیوەندى زانستى، ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى عێراق و وڵاتانى ناوچەکە، کە بەشدارن لە (یەکەمین کۆڕبەندى پەروەردەى) سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و دیدارێکى فراوانیان ئەنجامدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (26/07/2023) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە دکتۆر محمد غبان سەرۆکى یەکێتى زانکۆکانى جیهان و، نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى لوبنانى و سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکانى عێراق و وڵاتانى ناوچەکە کرد، لە دیدارێکدا؛ کە بەئامادەبونى دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان و، ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتەیەکى پێشکەشکرد.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتەکەیدا، دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان، خوشحاڵى خۆى دەربڕى کە لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکانى عێراق و وڵاتان لە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆدەبێتەوە، هیواشى خواست ئەم دیدارە ببێتە دەروازیەک بۆ ئەنجامدانى چەندین ڕێککەوتنامەى هاوبەش و ئەنجامدانى کارى پێکەوەیی، پاشان کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر و چۆنیەتى پەرەسەندنى زانکۆ لە ڕوى چەندایەتى و چۆنایەتى بۆ میوان باسکرد و ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر یەکەمین زانکۆى تایبەتە کە لە ساڵى (٢٠٠٧) لە شارى هەولێر بە کردنەوەى چوار بەش دامەزراوە و، لە ئێستاشدا (٢٧) بەشى زانستى لە کۆلێژە جیاوازەکان لە خۆگرتوە، وتیشى مایەى شانازییە لە ماوەى ڕابردودا (٨) بەشى تازەمان کردوە کە لە هیچ یەکێک لە زانکۆکانى کوردستان و عێراق نەبووە.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ باسى لە پێشکەوتنەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و ڕایگەیاند: زانکۆکەمان لە ڕێزبەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان هەنگاوى گەورەى بەرەوپێش ناوە و لە زۆبەیان پێشەنگى زانکۆکانى تایبەتى و حکومیەکانە، وتیشى لە ڕووى کادیرى زانستیەوە زانکۆکەمان کۆمەڵێک مامۆستاى هەیە کە لە زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان خوێندنیان تەواو کردوە، هاوکات لە زۆربەى ڕێکخراوە نێودەوڵەتى و ناوچەکە زانکۆکەمان ئەندامى کارایە، لە وبارى توێژینەوەى زانستیشدا زانکۆى جیهان-هەولێر خاوەن دوو گۆڤارى زانستیە، لەگەڵ ئەوەشدا هاندانى بەردەوامان بۆ مامۆستایانى و توێژەران هەیە بۆ بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى لە گۆڤارە ڕەسەن و ئاستبەرزەکانى جیهان.
لە بوارى پەیوەندى ئەکادیمیشدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دوپاتیکردەوە، کە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى زانکۆکەمان خاوەن پەیوەندییەکى فراوانە لەگەڵ زۆربەى زانکۆکان، بەتایبەت لە ئاڵوگۆڕى فێرخوازان و ستافى زانستى و ئەنجامدان کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و سمپۆزیۆمى هاوبەش، هیواشى خواست لەم سەردانەشدا کۆمەڵێک ڕێککەوتن ئەنجام بدەین لەگەڵ سەرۆک زانکۆکانى میوان بۆ فروانکردنى بازنەى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکان لە پێناو خزمەتکردن بە کۆمەڵگە و بوارى زانست.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا؛ دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمنیداریەتى زانکۆکانى جیهان لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەکدا دواى بەخێرهێنانى میوانان، هاوکات باسى لە ڕۆڵى زانکۆ کرد لە بونیادنان و دروستکردنى تاکى کارامە بۆ کۆمەڵگە، هەروەها باسى لە دیدگە و ڕوانینى گروپى زانکۆکانى جیهان بۆ ئایندە کرد، بۆ ئەوەش ئاماژەى بە کۆمەڵێک لەو کار و چالاکیانە کرد، کە بۆ چین و توێژە جیاوازەکان ئەنجامیانداوە، ئەوە جگە لەو پڕۆژە خێرخوازانەى بۆ خزمەتکردن بە بوارى زانست جێبەجێیان کردوە.
لەلایەکى دیکەوە دکتۆر محمد غبان سەرۆکى یەکێتى زانکۆکانى جیهان لە میانەى پێشکەشکردنى وتەکەیدا وتى: شانازى دەکەین لە زانکۆى جیهان-هەولێرین، کە یەکەمین زانکۆى تایبەتە لە هەرێمى کوردستان، پاشان کورتەیەکى لەبارەى یەکێتیەکەیان پێشکەش کرد، هەروەک باسى لە چۆنیەتى فراوانکردنى زانکۆکانى ئەندام لە یەکێتیەکە کرد، وتیشى لە ماوەى تەمەنى دامەزراندنى یەکتیەکەماندا کۆمەڵێک دەسکەوتى زانستى لە بوارى کۆنفرانس و وۆرکشۆپ و پیشانگە و چالاکى جۆراوجۆرى زانستیمان بۆ زانکۆکانى ئەندام بەدەستهێناوە. پاشان نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى لوبنانى وتەیەکى پێشکەشکرد.
لە کۆتایشدا؛ پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەى لێکتێگەیشنى لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرى (7) زانکۆى عێراق و نێودەوڵەتى ئەنجامدا، کە تیایدا جەخت لە پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکان و ئەنجامدانى توێژینەوەى هاوبەش لەگەڵ هەریەک لەو زانکۆیانە دەکەنەوە.