فیرخوازێکی بەشی یاسا لە لە قوتابخانەیەکى هەولێر باسى خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و هەڕەشەکردن دەکات
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٥/١١/٢٠٢٥) حسین غایب مستەفا فیرخوازی قۆناغی دووەمی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر سیمینارێکی هۆشیاری ورد پێشکەش بە قوتابیانى قۆناغی پێنجەمی ئامادەیی (خالید میتحەت) کرد.
لە سمینارەکەیدا، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە (هێمن فەیسەڵ نادر) ڕێکخرابوو ئەو فێرخوازەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەوردى باسى “خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و هەڕەشەکردن پێیان: مەترسییەکان و لێپرسینەوەی یاسایی” کرد، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا بە پێناسەکردنی هەڕەشە لە ڕێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی ئەلیکترۆنییەوە وەک کردارێکی تاوانکاری دەستیپێکرد، پاشان جۆرە مەترسیدارەکانی بە وردی خستەڕوو، لەوانە: هاککردنی داتای تایبەت، گێچەڵی ئەلیکترۆنیی بەردەوام، جگە لەو ئاستەنگە نوێیەی کە بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ دروستکردنی ناوەڕۆکی ساختە و هەڕەشەئامێز، ڕوونیشیکردەوە کە ئامانج و پاڵنەرەکانی پشت ئەم کردەوەیانە جۆراوجۆرن و دەبنە هۆی کاریگەریی نەرێنی لەسەر متمانەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی دەروونی قوربانییەکان.
هەر لە سمینارەکەیدا، حسین غایب مستەفا جەختی لەسەر گرنگی هۆشیاری دیجیتاڵی و بەهێزکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی کەسی کردەوە، هەروەک بە ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی توندی یاسا بەرامبەر بەم تاوانانە کۆتایی بە سمینارەکەى هێنا، لەو چوارچێوەیەشدا تیشکی خستە سەر یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە هەرێمی کوردستان ژمارە (6)ی ساڵی 2008. جەختی لەوە کردەوە کە یاسا هەموو جۆرەکانی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بۆ هەڕەشەکردن یان ناوزڕاندنی تاکەکان تاوانبار دەکات، ئەمەش پابەندبوونی هەرێم بە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ئەلیکترۆنی و دابینکردنی ژینگەیەکی دیجیتاڵی سەلامەت دووپات دەکاتەوە.
چالاکییەکە لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی زۆری لێکرا و، دەستخۆشى لە فێرخوازەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر کرا.




