فێرخوازانى ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی کار لەسەر دروستکردنی مۆدێل و بۆردی ماددەکان لە سەنتەری ڕامیس سەیڵ دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی 2025/10/12، فێرخوازانى قۆناغی دووەمی بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی زانستییان بۆ سەنتەری ڕامیس سەیڵ ئەنجام دا.
سەردانەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (لانە شەهاب ئەحمەد) بەڕێوەچوو، بە گەیشتنیان لەلایەن مستەفا عەبدولخالق خەلیفە، نوێنەری سەرچاوە مرۆییەکان لە کۆمپانیای ڕامیس، پێشوازییان لێکرا، پاشان شیکردنەوەیەکی ووردی سەبارەت بە ماددە جۆراوجۆرەکانی بیناسازی و تەواوکاری کە لە دیزاینی ناوخۆدا بەکاردەهێنرێن پێشکەشى فێرخوازان کرد، دواتریش ئاماژەى بە پڕۆسەی دروستکردنی بۆردی ماددەکان کرد و، نیشانی دا چۆن دیزاینەران نموونەکانی وەک دار، قوماش، بەرد، بۆیاخ، و کانزا هەڵدەبژێرن و تێکەڵیان دەکەن بۆ گەیاندنی هەردوو کوالێتی بینراو و هەستپێکراوی بۆشاییەکی ناوخۆ.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر (لانە شەهاب ئەحمەد) جەختی لە گرنگی بۆردی ماددەکان کردەوە وەک ئامرازێکی سەرەکی پێشکەشکردن و پەیوەندی لە دیزاینی ناوخۆیی و تەلارسازیدا، بۆ ئەوەش ڕوونی کردەوە چۆن ڕێکخستنی گونجاوی تەکسچەر، هاوسەنگی ڕەنگ و ڕیزبەندی ماددەکان لەناو بۆردێکدا دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ڕەنگدانەوەى دیزاین بێت. هەروەها باسی لە بەهای دروستکردنی مۆدێل کرد لە تێگەیشتن لە قەبارە، شێوە و پەیوەندییە بۆشاییەکان، بۆ ئەوە مەبەستەش مامۆستاى سەرپەرشتیار هانی فێرخوازانیدا ئەم چەمکانە بە شێوەیەکی پراکتیکی لە پڕۆژەکانی دیزاینی داهاتوویان بەکاربهێنن.