فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ باس لە هەستیاری وەرزی و کاریگەرى لەسەر قوتابیان دەکەن
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٧/٢/٢٠٢٥) فێرخوازانى بەشى بایۆمیدکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى کۆمەڵگەی پەروەردەیی ناحکومی (هەولێر)یان کرد و، باسیان لە هۆکارەکانی هەستیاری وەرزی و ڕێگەکانی خۆپاراستن پێشکەش بە قوتابیانى کۆمەڵگەکە کرد.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن مامۆستا شاخەوان عومەر ڕەسووڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە و یاریدەدەرەکەى بە گەرمی پێشوازییان لێکرا ، پاشان لە هۆڵى چالاکیەکانى قوتابخانەکەدا سمینارەکەیان پێشکەش بە کۆمەڵێک لە قوتابیان و مامۆستایانى کۆمەڵگەکە کرد، بۆ ئەوەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر زانیاری بەنرخیان سەبارەت بە جۆرە جیاوازەکانی هەستیاری وەرزی پێشکەشکرد و، جەختیان لەسەر ڕێوشوێنی خۆپارێزی، بەتایبەتی لە سەرەتای زستان و بەهار کردەوە، هەر لە میانەى سمینارەکەیاندا فێرخوازان باسیان لە ستراتیژییەتی پاراستنی کاریگەر کرد، هاوکات کۆمەڵێک ڕاسپاردەشیان ئاراستەى قوتابیان کرد بۆ ڕێکارەکانی خۆپارێزی وەک بەستنی دەمامک و پاراستنی پاک و خاوێنی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هەستیاری و هەوکردنی وەرزی، لەوانەش ئەنفلۆنزا.
لە بەرانبەردا مامۆستا شاخەوان عومەر ڕەسووڵ بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەشى فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ کرد، بەو پێیەى زانیاری سەرەتاییان سەبارەت بە خۆپاراستن لە هەستیاری پێشکەش بە قوتابیان کرد و توانیان جیاوازی بکەن لە نێوان کاردانەوەی حەساسیەت و هەوکردنی وەرزی، ئەمەش تەندروستی و هۆشیاری کەسییان بەرزکردەوە.