فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ سەردانی بەشی بایۆلۆجى و دەروونناسی زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر دەکەن
رۆژی دووشەممە ڕێکەوتى 10/10/2022، فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانی زانکۆی سەلاح الدین – کۆلێژی پەروەردەیان کرد و بەشى دەرونناسیان بەسەرکردەوە.
لە میانەى ئەو سەردانەدا، کە بەسەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر ڕۆژان عەلی و مامۆستاى یاریدەدەر محمد حسێن بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن پرۆفیسۆر یاریدەدەر دکتۆر محمد محێدین، سەرۆکى بەشی دەروونناسی پێشوازییان لێکرا.
لە دیدارێکدا، گفتوگۆیان لەبارەى لایەنى تەندروستى گرنگی دەروونناسیی بۆ تاکەکانى کۆمەڵگە کرد، پاشان گرنگترین بابەتەکانی زانستی دەرونناسى کە توێژینەوەیان لەسەر دەکرێت و ئەو شێوازانەی لە پەروەردەدا بەکاردەهێنرێن تەوەرێکى دیکەى گفتوگۆکانى نێوانیان بوو.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان كتێبخانەی بەشی دەروونناسی بەسەرکردەوە، دواتریش سەردانی بەشی بایۆلۆجییان کرد، هەر بۆ ئەو مەبەستە و زیاتر ئاگاداربوون لە کاری تاقیگەی زانستی فێرخوازان سەردانی تاقیگەکانی بەشی بایۆلۆجییان کرد. بۆ ئەوەش مامۆستایانى بەشی بایۆلۆجی ڕوونکردنەوەیەکی زیاتریان سەبارەت بە چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی زانستی لە تاقیگەکەیان پێشکەش بەفێرخوازان کرد.