فێرخوازانى بەشى ئەندازیاریی تەلارسازی لە گەڕەکی عارەبان بە دواداچوون بۆ چۆنیەتى نۆژەنکردنەوەی باڵەخانە مێژویی و شوێنەوارییەکان دەکەن
لە چوارچێوەی پەرەپێدانی لایەنی پراکتیکی و ئەکادیمیی بابەتی “نۆژەنکردنەوەی تەلار و باڵەخانەکان”، سەرۆکایەتى بەشی ئەندازیاریی تەلارسازی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی مەیدانی بۆ فێرخوازانى قۆناغی پێنجەم بۆ گەڕەکی عارەبان لە شارى هەولێر ڕێکخست.
ئەم سەردانە، کە ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٤/٩/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆر دکتۆر ڕەشید حەمید یاسین بەڕێوەچوو، فێرخوازان ڕاسپێردران بەشێوەیەکى مەیدانى هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر و هەمەلایەن و وردیان بۆ باڵەخانەکانى گەڕەکە ئەنجام بدەن. بۆ ئەم مەبەستەش، فێرخوازان دابەشى پێنج گرووپی کاردا کران، هەر گرووپێک ئەرکێکی دیاریکراوی پێسپێردرا و، هەریەکێکیان گرینگییان بە کۆکردنەوەی زانیارییە سەرەکییەکان سەبارەت بە (بەکارهێنانی باڵەخانەکان، بەرزیی باڵەخانەکان، ماددە بیناسازییە بەکارهاتووەکان، بەهای کەلەپووری و تەلارسازیی باڵەخانەکان)دەدا، جگە لە هەڵسەنگاندنی باری ئێستاى بیناسازییان، لەو ڕێگەیەوە فێرخوازان کارەکانیان دەستپێکرد بۆ دروستکردنی بنکەیەکى ورد و گشتگیرى زانیارى، بۆ شیکردنەوەی دۆخی ئێستا و دیاریکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانی ناوچەکە، تا لە داهاتودا بە پشت بەستن بەو داتا و زانیارییە کۆکراوانە بڕیاری ژیرانە و پشت بەستوو بە بنەما زانستییەکان بدەن.
هەر بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنى ئاستى تێگەیشتنی فێرخوازان و دابینکردنی ئامرازە شیکارییە پێویستییەکان بۆ فێرخوازان، لەکاتى بەسەرکردنەوەى باڵەخانە مێژویی وشوێنەوارییەکانى گەڕەکە، پڕۆفیسۆر دکتۆر ڕەشید حەمید یاسین بەشێوەیەکى مەیدانى ڕوونکردنەوەی زانستى و قووڵی بۆ هەر یەکێک لە تەوەرەکان پێشکەش بە فێرخوازان دەکرد، بۆ ئەوەى ئەو داتایانەی کە کۆیان دەکەنەوە لە پەرەپێدانی ستراتیژییەتی نۆژەنکردنەوەى شارستانیی بەردەوام بۆ گەڕەکی عارەبان سوودى هەبێ، بەتایبەت لە پاراستنی باڵەخانە بە نرخە مێژووییەکان، چۆنیەتى نۆژەنکردنەوەی ئەو باڵەخانانەى زیانیان پێکەوتووە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی لایەنە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگەی خۆجێیی.
سەردانە زانستییەکە بووە وێستگەیەکى گرنگ بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوونى فێرخوازان بە ژینگەى کارکردن و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ تەلار و باڵەخانە مێژویی و شوێنەوارییەکان.