فێرخوازانى بەشى ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی ئاشناى سینەمای تەقلیدی و 360 پلەیی دەکرێن
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 2025/10/9، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر لانا شەهاب ئەحمەد، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم و سێیەمی بەشی ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بۆ ئاشنابوون بە سینەمای تەقلیدی و 360 پلە وەک نموونەی کرداری لە سەردانێکی زانستییان ئەنجامدا.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن خاتوو چرا کەمال موسلیم پێشوازییان لێکرا، ئینجا ڕوونکردنەوەی لەسەر کەرەستە، تەکنیکەکان و بنەماکانی دیزاین بۆ هەردوو سینەمای تەقلیدی هێڵی و سینەمای 360 پلە (سینەمای قوبە) پێشکەش بەفێرخوازان کرد. هەروەها وردەکارییەکانی لەسەر چارەسەرە دەنگییەکان، دابەشکردنی کورسییەکان، سیستمەکانی ڕووناکاکردنەوە، شێوازەکانی نمایشکردن و تەواوکارییە ناوخۆییەکانی هەردوو سیستمەکە خستەڕوو. وتیشى: سینەمای تەقلیدی پشت بە کورسییە ڕێکخراوەکان، شوێنی شاشە، ڕوونی هێڵەکانی بینین، و چارەسەرە دەنگییەکانی دیوارەکان دەبەستێت بۆ دڵنیابوون لە ئەزموونێکی بینین و دەنگی نایاب، بەڵام سینەمای 360 پلە بینەران دەورە دەدات بە نمایشکردن لەسەر قوبەیەکی چەماوە، کە پێویستی بە ڕووی تایبەتمەند، سیستمی دەنگی نوقمکەر و ڕووناکاکردنەوەی یەکخراو هەیە بۆ دابینکردنی ئەزموونێکی بینراو و بیستراوی تەواو و چێژبەخش.
لە کۆتاییدا، مامۆستای یاریدەدەر لانە شەهاب ئەحمەد باسی لەوە کرد کە چۆن هەردوو سیستمەکە دەتوانرێت لە پێشکەشکردنی پڕۆژە بیناسازییەکان و دیزاینی ناوخۆدا بەکاربهێنرێن، بۆ ئەوەش ڕوونی کردەوە کە چۆن پلاندانانی بۆشاییەکان، هەڵبژاردنی کەرەستەکان و دیزاینی دەنگەکان کوالێتی نمایشکردنی پڕۆژەکان بەرز دەکەنەوە.