فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ سەردانێکى زانستى بۆ کارگەی ئالین ئەنجام دەدەن
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (١٧/١١/٢٠٢٥)، فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستا یارمەتیدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد و مامۆستا یارمەتیدەر بەختەوەر زیاد عومەر، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ کارگەی ئالین ئەنجامدا.
لەکاتی گەیشتنیاندا، فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن مستەفا جەمال محەمەد، سەرپەرشتیاری لۆجستی و کۆگاکان و، نیگار عوسمان عومەر، یاریدەدەری بەرپرسی سەرچاوە مرۆییەکانەوە پێشوازییان لێکرا. لەسەرەتادا مستەفا جەمال محەمەد پێشەکییەکی دەربارەی چۆنیەتی کارکردنی کارگەکە پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، ڕوونی کردەوە کە کارگەکەیان کارگەیەکی پێشەنگە لە بواری بەرهەمهێنانی خۆراک و خواردنەوە لە هەولێر و، زیاتر لە (٧٠٠) جۆر بەرهەمى وەک بەهارات، سۆسەکان، شیرینی و جۆرەها بەرهەمی قاوە بەرهەم دەهێنن.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا دەرفەت بەفێرخوازان درا لە نزیکەوە ئاشناى بەشە جیاوازەکانى کارگەکە بن، بەتایبەت شێوازی وەرگرتنی ماددە خاوەکان و ئەو ڕێکارانەی لە تاقیگە و یەکەی کۆنترۆڵی کوالێتیدا پەیڕەو دەکرێن، کە تێیدا پشکنینە مایکرۆبایۆلۆجی، کیمیایی،و فیزیکییەکان ئەنجام دەدرێن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و کوالیتی بەرهەمەکان پێش ئەوەی بچنە قۆناغەکانی بەرهەمهێنانەوە.
دوای ئەوە، فێرخوازان بەشە سەرەکییەکانی دیکەى ناو کارگەکەیان بەسەرکردەوە، هەر لە کۆگاکان و یەکە کانی پڕکردنەوە تا هێڵەکانی چارەسەرکردن و هۆڵی نمایش، ئەوەش دەرفەتێکی پراکتیکی بۆ فێرخوازان ڕەخساند بۆ ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی بەرهەمهێنانی پیشەسازی و پراکتیکەکانی دڵنیایی کوالیتی کە پەیوەستن بە بوارە ئەکادیمییەکەیانەوە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستا یارمەتیدەر هێرۆ ئیسماعیل محەمەد سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی کارگەی ئالین کرد، بەتایبەتی مستەفا جەمال محەمەد و نیگار عوسمان عومەر، لەسەر پێشوازی گەرم و پێشکەشکردنى زانیارى و ڕوونکردنەوەکانیان لەبارەى کارکردن لە کارگەکە بۆ فێرخوازان.






