فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە قوتابخانەی دونیای بنەڕەتی تێکەڵاو یادی قوربانیانى ئەنفال دەکەنەوە.
لە یادی ٣٧ ساڵەی قوربانیانى شاڵاوەکانى پرۆسەى ئەنفالدا، فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى قوتابخانەی دونیای بنەڕەتی تێکەڵاویان کرد و سمینارێکیان پێشکەش بە قوتابیانى قوتابخانەکە کرد.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى سەردانەکەیاندا، کە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٤/٤/٢٠٢٥) بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری زەهرا خان مەعروف تاهر ئەنجامیاندا، سەرەتا فێرخوازان لە لایەن مامۆستا پەروا نورەدین کاکە مستەفا بەڕێوەبەری قوتابخانە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵی قوتابخانە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە مامۆستایان و قوتابیانی پۆلی حەوتەم و هەشتەم ناوەڕۆکى سمینارەکەیان پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری نمایش کرد، فیلمەکە تیشکى خستە سەر ڕووداوەکانی شاڵاوەکانى ئەنفال، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە عێراق بەڕێوەچوو بە ئامانجی سەرکوتکردنی بەرخۆدانی کورد بوو.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا مامۆستا پەروە نورەدین سوپاسى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، ستایشى چالاکیەکەى کرد بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری نیشتمانی و چاندنی هەستی سەربەخۆیی و شانازی، ئاشناکردنى نەوەیی نوێ بە ناسۆر و مەینەتیەکانى گەلى کورد.