فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ چالاکییەکى خێرخوازیی لە ماڵی بەساڵاچووان “دار الرجاء” بەڕێوەدەبەن
لە چوارچێوەى پەرەپێدانی گیانی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی و پڕاکتیزەکردنی بەها مرۆییەکان لەناو فێرخوازان، ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشی بایۆمیدیکاڵ چالاکییەکی خێرخوازیی مرۆییان بەڕێوەبرد.
ئەم چالاکییە، کە لە ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی 22ی ئەیلولی 2025 بەڕێوەچوو، فێرخوازان سەردانى ماڵی بەساڵاچووان “دار الرجاء”یان لە شارى هەولێر کرد و، بە گەرمی لەلایەن خالیدە پۆلص تۆما، سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری ماڵی بەساڵاچووان “دار الرجاء” پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیدا دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان؛ ئینجا ستایشی ڕۆڵی چالاکانەی فێرخوازانى کرد و پێزانینی خۆی بۆ دەستپێشخەرییە خێرخوازییەکانیان دەربڕی. لە میانی چالاکییەکەدا، خوێندکاران بە شێوەیەکی کارا لەگەڵ بەساڵاچوواندا تێکەڵ بوون، گفتوگۆیان لەگەڵدا کرد و کاتێکی خۆشیان بۆ ڕەخساندن، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر باری دەروونیی بەساڵاچووان دروست کرد.
هەر لە میانەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان پشتیوانیی ماددی و مەعنەوییان بۆ ماڵی بەساڵاچووان دوپاتکردەوە، لەم چوارچێوەیەدا، فێرخوازان کۆمەڵێک دیاریی جۆراوجۆریان پێشکەش بە بەساڵاچوان کرد، کە پێکهاتبوون لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕۆژانە وەک ماددە خۆراکییەکان، بەرهەمەکانی گرنگیپێدانی کەسی،و کەلوپەلی تەندروستی، کە بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتیدەر بوو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتووانی ماڵەکە.