فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ چالاکیەکى مرۆیی و پشتگیری بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا لە هەولێر بەڕێوەدەبەن
ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان – هەولێر، ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى (٢١/١٠/٢٠٢٥) سەردانێکی هاندەرانەیان بۆ سەنتەری تالاسیمیا لە هەولێر ڕێکخست و چالاکیەکى مرۆییان ئەنجامدا.
چالاکیەکە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆر دکتۆر میرزا حەمزە حەمادی بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنیاندا، فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن محەمەد عەبدوڵڵا بندیان، بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری سەنتەری تالاسیمیا لە هەولێر، پێشوازییان لێکرا، پاشان کورتەیەکى لەبارەى پەیامی سەنتەرەکە و ڕێکارەکانی پێشوازیکردن لە نەخۆشان و چۆنیەتى بەدواداچوون و ڕاپەڕاندنى کارەکانیان پێشکەش بە فێرخوازان کرد. لە ویستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان بەشەکانى سەنتەرەکەیان بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە چاویان بە ژمارەیەک لەو نەخۆشانە کەوت و گفتوگۆییان لەگەڵدا کردن و، پشتگیریی دەروونیان پێشکەش کرد، جگە لەوەش فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دیارییان پێشکەش بە نەخۆشەکان کرد و ئامۆژگاریی تەندروستییان لەبارەی گرنگیی خۆراکی تەندروست بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا لەگەڵیاندا هاوبەش کرد، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی دوورکەوتنەوە لەو خۆراکانەی کە ڕەنگە کاریگەریی خراپیان لەسەر ئاستی ئاسن و تەندروستیی خوێن هەبێت.
هەر لە چوارچێوەی هۆشیاریی تەندروستیدا، فێرخوازان مێوژی ڕەشیان بەسەر نەخۆشەکاندا دابەش کرد بۆ نیشاندانی بەهای خۆراکیی لەو جۆرە خۆراکانە، لە کۆتایی سەردانەکەدا، محەمەد عەبدوڵڵا سوپاسى فێرخوازانى کرد بۆ بەڕێوەبردنى ئەو دەستپێشخەرییە مرۆییە، هاوکات فێرخوازانیش سوپاسی ستافى کارگێڕی سەنتەرەکەیان کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە و بەشداریکردن لە پشتگیریکردنی نەخۆشان و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لە کۆمەڵگەدا.






