فێرخوازانى بەشى یاسا بە سەردانێکی زانستى سەرۆکایەتی داواکاری گشتییان بەسەرکردەوە
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٠/١/٢٠٢٦) سەرۆکایەتى بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانی بەشەکە بۆ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان ڕێکخست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (سامان حەسەن عەلی) بەڕێوەچوو، بەگەیشتنى فێرخوازان لە لایەن دادوەر دکتۆر (محەممەد ڕێکانی)، ئەندامی داواکاری گشتی، پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەوەش لە هۆڵی کۆنفڕانسەکان سەرەتا دادوەر دکتۆر محەممەد ڕێکانی وانەیەکی زانستی پێشکەش بە فێرخوازان کرد و، تیایدا تیشکى خستە سەر پێکهاتەی کارگێڕى دامەزراوەکە و ئەرک و پسپۆڕییەکانی بەشە کارگێڕی و دادوەرییەکان شیکردەوە، پاشان بە وردی باسی لە ڕۆڵی کاریگەری داواکاری گشتی لە جووڵاندنی داوا سزاییەکان، چاودێریکردنی لێکۆڵینەوەکان، کۆکردنەوەی بەڵگەکان و بەدواداچوونی داواکان لەبەردەم دادگاکان و پێشکەشکردنی تانە یاساییەکان کرد. هەروەها جەختی لەسەر بەرپرسیارێتی نیشتمانیی ئەم دەزگایە کردەوە لە پاراستنی سامانی گشتی و دامەزراوە حکومییەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی وانەکەدا، دادوەر محەممەد ڕێکانی ڕێنمایی و ئامۆژگاری پێویستی پێشکەش بەو فێرخوازانە کرد، کە ئارەزوو دەکەن لە داهاتوودا پەیوەندی بە داواکاری گشتییەوە بکەن. تێیدا مەرجە یاساییەکان، ماف و ئەرکەکانی داواکاری گشتی و گرنگی ڕۆڵیان لە چەسپاندنی دادپەروەری و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە. پاشان فێرخوازان گەشتێکی مەیدانییان لە ناو بەشە جیاوازەکانی سەرۆکایەتی ئەنجامدا و، لە نزیکەوە ئاشنای شێوازی کارکردنی ڕۆژانەی فەرمانبەران و دادوەران بوون.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستای یاریدەدەر سامان حەسەن عەلی، بەناوی زانکۆی جیهان-هەولێرەوە، سوپاس و پێزانی قووڵی ئاراستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و دادوەر دکتۆر محەممەد ڕێکانی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و تەرخانکردنی کات و هەوڵەکانیان لە پێناو دەوڵەمەندکردنی پاشخانی زانیارییە یاساییەکانی فێرخوازان.







