فێرخوازانى بەشى تەکنیکى دروستکردنى ددان لە تاقیگەی “ماستەرپیس” ئاشناى تەکنەلۆژیای (CAD/CAM) کران
فێرخوازانی قۆناغی یەکەمی بەشی تەکنیکی دروستکردنى ددان لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕیکەوتى (٢٧/١/٢٠٢٦)، سەردانێکی زانستییان بۆ تاقیگەی “ماستەرپیس” (Masterpiece) بۆ پزیشکی ددان ئەنجامدا.
سەردانە زانستیەکە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر “ڕازان بورهانەدین محەمەد” بەڕێوەچوو، سەرەتا مامۆستایان و فێرخوازان لە لایەن دکتۆر “سامر عەبدۆ” بەڕێوەبەری تاقیگەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان هاوەڵى فێرخوازانى کرد و، بەشێوەیەکى مەیدانى لە نزیکەوە فێرخوازانى ئاشنای قۆناغەکانی دروستکردنی ددانى کردن، لەوانە: دیزاینی دیجیتاڵی، دروستکردن بە یارمەتی کۆمپیوتەر و قۆناغەکانی کۆتاییهێنان بە بەرهەمەکان. هاوکات فێرخوازان نوێترین ئامێرەکان و سکانەرە دیجیتاڵییەکان و ئامێرەکانی “میڵینگ” (Milling)یان بینی، لەگەڵ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەکارهێنانی کەرەستە پێشکەوتووەکان و ڕێکارەکانی سەلامەتی و خۆپارێزی لە کاتی کارکردندا.
لەو چوارچێوەیەدا دکتۆر سامر عەبدۆ، شرۆڤەیەکی تەواوی بۆ شێوازی کارکردنی تاقیگەکە پێشکەشى فێرخوازان کرد و، تیشکی خستە سەر گرنگیی سیستمی (CAD/CAM) لە بەرزکردنەوەی وردکاری، کەمکردنەوەی هەڵە و خێراکردنی پڕۆسەی دروستکردنی ددان. لە کۆتاییدا وەڵامی پرسیارەکانی فێرخوازان دایەوە و، جەخت لەسەر گرنگیی بەدیجیتاڵکردنی ئەم بوارە پزیشکییە کردەوە.







