فێرخوازانى بەشى تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکى لە ئامادەیی شارستانى کچان چالاکیەک لەبارەى شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتى (٢٦/١٠/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی سێیەم لە بەشی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی مەیدانی زانستییان بۆ ئامادەیی شارستانى کچان لە شاری هەولێر ڕێکخست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر نوور سامی عومەر ئەنجامدرا، سەرەتا لەلایەن مامۆستا ڕوناک یەعقوب حسێن، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان لە هۆڵى قوتابخانەکە ناوەڕۆکى چالاکیەکەیان پێشکەش بە قوتابیان کرد و تیایدا بەشێوەیەکى زانستى و بەزمانێکى سادە وانەیەکی هۆشیارییان لەبارەى گرنگیی تەکنیکى وێنەگرتنى تیشکی لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە کرد، هاوکات تیشکیان خستە سەر هۆکارەکانی نەخۆشیەکە و گرنگیی پشکنینی پێشوەختە و ڕۆڵی لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی چاکبوونەوەدا.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر باسیان لە شێوازە سەرەکییەکانی دەستنیشانکردن و پشکنینی خودی کرد، لە بەشى کۆتایی چالاکیەکەدا گفتوگۆیەکى بنیاتنەر لە نێوان فێرخوازانى بەشى وێنەکرتنى تیشکى و قوتابیانی قوتابخانەکەدا بەڕێوەچوو، تێیدا فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر وەڵامی چەندین پرسیار و زانیاری دەربارەی تەندروستیی ژنان و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانى قوتابیانیان درایەوە.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، بەڕێز ڕوناک یەعقوب حسێن، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم دەستپێشخەرییە دەربڕی و وتی: “بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی لە نێو قوتابیاندا هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دروستکردنی نەوەیەک کە خاوەنی ڕۆشنبیریی تەندروستی و توانای پاراستنی خۆی و دەوروبەری بێت، و شانازی بە هاوکاریی بنیاتنەرانەمان لەگەڵ زانکۆی جیهان – هەولێر دەکەین.”







