فێرخوازانى بەشى زانستی کۆمپیوتەر وۆرک شۆپێکیان دەربارەی “ژیریی دەستکرد” لە ئامادەیی نێودەوڵەتیی پایتەخت بەڕێوەبرد
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١/٢/ ٢٠٢٦، گروپێک لە فێرخوازانىی قۆناغی دووەمی بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر، سەردانێکی هۆشیاریی زانستییان بۆ قوتابخانەی (Cambridge International School – Capital City) ئەنجامدا. ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (دکتۆر ڕیم جەعفەر ئیسماعیل) بەڕێوەچوو.
شاندی زانکۆ لە لایەن (هێرش مەحمود کەریم) بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیدا دەستخۆشی لەم جۆرە دەسپێشخەرییانە کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان زانکۆ و ئامادەییەکان. لە بەشێکی چالاکییەکەدا، دکتۆر ڕیم جەعفەر سیمینارێکی کورتی دەربارەی دەرفەتەکانی کار لە داهاتوودا بۆ دەرچووانی کۆمپیوتەر پێشکەش کرد، بەتایبەت لە بوارەکانی “ژیریی دەستکرد (AI)” و “ئاسایشی ئەلیکترۆنی (Cybersecurity)”، و جەختی لەسەر ڕۆڵی ئەم پسپۆڕییانە لە بازاڕی کار و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیدا کردەوە.
پاشان فێرخوازانىی زانکۆ وۆرک شۆپێکیان بە ناونیشانی “بنەماکانی ژیریی دەستکرد” پێشکەش کرد. تێیدا تیشکیان خستە سەر چەمکە سەرەکییەکانی سیستمی ژیریی دەستکرد، لە بنەما بیرکاری و لۆژیکییەکانەوە تا دەگاتە جێبەجێکردنی پراکتیکی لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا. هاوكات، باسیان لەو گرفتانە کرد کە مرۆڤ لە نەبوونى تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرددا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و میکانیزمەکانی فێربوون و بڕیاردانی ئامێرەکان بۆ فێرخوازانى ڕوونکرایەوە.







