فێرخوازانى بەشى شیکارى تاقیگەى پزیشکى سەردانی تاقیگەی فارابی دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٧/٢/٢٠٢٥)، فێرخوازانى قۆناغی یەکەمی بەشی شیکارى تاقیگەى پزیشکی لە زانکۆى جیهان-هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر دابان کانبی، سەردانی تاقیگەی فارابییان لە شارى هەولێر کرد و، لەلایەن ازادة فرامرز يدالله سەرپەرشتیارى تاقیگەکە پێشوازییان لێکرا.
لەو چوارچێوەیەشدا دواى پێشوازیکردنیان، سەرپەرشتیارى تاقیگەکە هاوکارى مامۆستا و فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەشەکانى تاقیگەکە، بۆ ئەوەش ڕوونکردنەوەیەکی وردى لەبارەى بەشەکانی تاقیگەی جینات پێشکەش بە فێرخوازان کرد و وتى:، ئەم بەشە بریتییە لە بەشی دەرهێنانی DNA و چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینی بۆماوەیی بە بەکارهێنانی تەکنیکە جیاوازەکان، لەوانەش تەکنیکی PCR کە پشت بە ئامێرە جیاوازەکان دەبەستێت وەک تەکنیکی ئاسایی (conventional PCR ) و، تەکنیکی کاتی ڕاستەقینە (real time PCR) تا ڕێگەى (mutation)، بۆ شێوازی خوێندنەوەی ئەو گۆڕانەى لەناو جینەکاندا ڕوودەدات نیشان دەدات، پاشان دەخرێتە سەر ئامێری ئەلکترۆفۆڕێزی (electrophoresis) بۆ چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوە جینییەکە جیاوازەکان.
بەم شێوەیە فێرخوازان بەشێوەیەکى پراکتیکى و هەنگاو بەهەنگاو ئاشناى کاروبارە جیاوازەکانى تاقیگەکە بوون، ئەوەش ئەزمونێکى مەیدانى نوێى خستەسەر خەرمانى ئەزمونە جۆراوجۆرەکانیان و، لە گۆشەیەکى دیکەوە ئاشناى کاروبارى مەیدانى و ژینگەى کارى داهاتویان بوون.