فێرخوازانى بەشى شیکاری کیمیایی پزیشکی لە تاقیگەی تایبەتمەند لە نەخۆشخانە ڕاهێنان لەسەر پشکنینى خوێن دەکەن
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٤/١٠/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی شیکاری کیمیایی ژیانی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، سەردانێکی زانستی مەیدانیی بۆ تاقیگەی تایبەتمەند لە نەخۆشخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشەکە ڕێکخست.
ئەم سەردانە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر زوبەیدە هیشام شوکر بەڕێوەچوو، بەگەیشتنیان لەلایەن کاسپەر ئیسماعیل عەبدوڵڵا پێشوازییان لێکرا. بۆ ئەوەش سەرەتا کورتەیەکى لەبارەى ڕێنماییەکانى کارکردن لە ناو بەشە جیاوازەکانی تاقیگەدا پێشکەش بە فێرخوازان کرد، پاشان هاوڵى فێرخوازانى کرد بۆ بەسەرکردنەوەى بەش و یەکەکان، بۆ ئەوەش فێرخوازان یەکەی کۆکردنەوەی نموونە، بەشی خوێنناسی، بەشی کیمیای کلینیکی و تاقیگەی مایکرۆبایۆلۆجیان بەسەرکردەوە. لە میانەى بەسەرکردنەوەکانیان سەرپەرشتیارەکان ڕوونکردنەوەی وردیان دەربارەی پرەنسیپی کارکردنی ئامێری CBC پێشکەش بەفێرخوازان کرد و، ڕونیان کردەوە کە پشت بە شیکاری قەبارەیی و بینایی دەبەستێت بۆ ژماردن و جیاکردنەوەی خانەکانی خوێن. هەروەها باسیان لە جۆری نموونەی پێویست کرا، وەک نموونەیەکی خوێنی وریدی کە لە بۆڕییەکدا کۆدەکرێتەوە و ماددەیەکی دژە مەیین (EDTA) تێدایە.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا، دەرفەت بە فێرخوازان درا لە نزیکەوە چاودێریی چۆنیەتى کارکردن ئامێرەکان و دەرخستنى ئەنجامە جۆراوجۆرەکان بوون، وەک ژمارەی خڕۆکە سوور و سپییەکانی خوێن، ژمارەی پلاکتەکان، ڕێژەی هیۆمۆگلۆبین، بڕی خانە پەستێنراوەکان و نیشاندەرەکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن (MCV, MCH, MCHC)، لە کۆتاییدا فێرخوازان نموونەی ڕاستەقینەیان بە بەکارهێنانی ئامێرەکە شیکردەوە، بۆ ئەوەش چاودێری قۆناغەکانی پشکنین، پیشاندانی داتا لەسەر شاشە،و شێوازەکانی لێکدانەوە و بەراوردکردنی ئەنجامەکان لەگەڵ بڕە ئاساییە مەرجەعییەکاندا بوون.






