فێرخوازانى بەشى وەرگێڕان سەردانێکی ئەکادیمیان بۆ کەناڵی ئاڤا تیڤی ئەنجامدا
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى (٢٥/٩/٢٠٢٥) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغی چوارەمی زانکۆى جیهان-هەولێر، لە چوارچێوەی بابەتى وەرگێڕانی میدیادا، سەردانێکی زانستیان بۆ کەناڵی تەلەڤزیۆنی (AVA) لە شارى هەولێر ئەنجامدا.
ئەم سەردانە، بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر نەرمین ئەبوبەکر عەلی بەڕێوەچوو، لە کاتی گەیشتنیاندا، فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن دلێر حەسەن سەرپەرشتیاری پەیوەندییە گشتییەکانى (AVA) پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەوەش بە شێوەیەکی تێروتەسەل باسیان لە کار و چالاکییەکانی کەناڵەکەیانى بۆ فێرخوازان کرد، هەروەک جەختی لەسەر گرنگی وەرگێڕان وەک پایەیەکی سەرەکی لە گەیاندنی پەیامی میدیایی جیهانیدا کردەوە. پاشان هاوەڵى فێرخوازانى کرد بۆ لەنزیکەوە ئاشناکردنى فێرخوازان بە بەشە جیاوازەکانى کەناڵەکە، بۆ ئەو مەبەستەش فێرخوازان ستۆدیۆکانی کەناڵەکە، پەخش، ژوورەکانی دەرهێنان و مۆنتاژ، هەروەها یەکەکانی وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی، هەروەها بەشی هەواڵی وەرزشییان بەسەرکردەوە، بۆ ئەوەش لەلایەن ستاف و کارمەندانى هەریەک لە بەشەکان زانیارى پێشکەش بە فێرخوازان کرا، بەتایبەت لە بەشى وەرگێڕان فێرخوازان تێگەیشتنێکی قووڵتریان سەبارەت بە ڕۆڵی وەرگێڕان لە کەناڵى تەلەفزیۆنیدا و چۆنیەتی جێبەجێکردنی لەسەر ئاستی پیشەیی بەدەستهێنا.
لە میانەى دیدارێکیشدا، لەگەڵ دکتۆر ئەرشەد خەلیل ئەسعەد لە ژوورى هەواڵى کەناڵەکە، باسى لە چۆنیەتی پێشکەشکردنی بەرنامە و هەواڵەکانی ئاڤا تیڤی بە هەرسێ زمان بۆ فێرخوازان کرد، هاوکات باسى لە گرنگى کارى وەرگێڕان لە بوارى میدیا کرد، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک ئامۆژگاری پراکتیکییان پێشکەش بە فێرخوازان کرد بۆ باشترکردنی تواناکانی وەرگێڕان، لە بەرانبەردا مامۆستاى سەرپەرشتیار سوپاسى ستاف وکارمەندانى کەناڵى تەلەڤزیۆنی (AVA)ى کرد، کە یارمەتیدەر بوون لە بەجێگەیاندنى ئەم ئەزموونە پراکتیکییە و، بەرزکردنەوەى توانای تێگەیشتنی فێرخوازان لە بواری وەرگێڕانی میدیا و، پێداویستییەکانی پیشەى وەرگێڕانی میدیا.