فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن دامەزراوەى کوردستان کرۆنیکل بەسەردەکەنەوە
ڕۆژى پێنجشەممە، ڕێکەوتى (٢٥ى ئەیلوولى ٢٠٢٥)، بە سەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغەکانى سێیەم و چوارەمى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان – هەولێر، سەردانێکى مەیدانییان بۆ دامەزراوەى کوردستان کرۆنیکل (Kurdistan Chronicle) لە شارى هەولێر ئەنجامدا.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن بۆتان تەحسین و ستافى دامەزراوەکە پێشوازییان لێکرا، پاشان پوختەیەکى لەبارەى بەشەکان و چالاکییەکانى دامەزراوەکەیان پێشکەش بەفێرخوازان کرد و، ڕونیکردەوە دامەزراوەکەیان لە ساڵى (٢٠٢٣) وەک دامەزراوەیەکى ڕاگەیاندنى سەربەخۆ دامەزراوە و، گرنگى بە گواستنەوەى پرس و هزر و کەلتورى گەلى کوردستان بۆ جیهانى دەرەوە دەدات، ئەوەش لەڕێگەى وێبسایت و پۆدکاستەکانیەوە، جگە لە گۆڤارى (Kurdistan Chronicle) کە بە دوو زمانى ئینگلیزى و عەرەبى لە هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و تورکیا دەردەچێت و بڵاودەکرێنەوە. هەروەها ئاماژەى بە ڕۆژنامەى هەفتانەى (گڵکەند) کرد کە تایبەتە بە ئەدەب و هزر و کەلتوور لە شارى هەولێر، باسى لەوەش کرد دامەزراوەکەیان چەند بەشێکى دیکەى وەک بەشەکانى دیزاین و دەستنوسى عەرەبى و ژمارەیەک بەشى دیکە لە خۆدەگرێ.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى دامەزراوەکەشدا، فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن چەندین پرسیاریان لەبارەى میکانیزمى کار و ئامانجەکانى داهاتووى دامەزراوەکە ئاراستەى ستاف و کارمەندان کرد، لە کۆتایدا بۆتان تەحسین جەختى لەوە کردەوە کە زانکۆى جیهان – هەولێر ڕۆڵێکى بەرچاوى لە خزمەتکردنى ئەدەب و هونەر و ناسنامەى کەلتورى هەبووە، ئەوەش جێگەى شانازى و سەربەرزیی و سوپاس وپێزانینە.
لە کۆتاییدا مامۆستاى سەرپەرشتیار وێڕاى دەربڕینى سوپاس و پێزانینى زانکۆى جیهان – هەولێر و بەشى ڕاگەیاندن بۆ دامەزراوەکە لەسەر پێشوازییە گەرمەکەیان، جەختی لە گرنگى بەهێزکردنى هاوکارى و کارى هاوبەش لەنێوان بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر و دامەزراوەى کوردستان کرۆنیکل کردەوە بۆ دروستکردن و بەهێزکردنى پردى پەیوەندى و ئاڵوگۆڕکردنى شارەزایی ئەکادیمى و پیشەیی لەنێوان هەردوولا.