فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن لە قوتابخانەی (بان)ـی ناحكومی باس لە خراپ بەكارهێنانی میدیای ئەلیكترۆنی دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (13-10-2025) فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر دڵان ئیسماعیل مەولود سەردانێکی زانستییان بۆ قوتابخانەی (بان)ـی ناحكومی لە گەڕەكی هەڤاڵان ئەنجامدا و چالاکییەکى هۆشیارییان بەڕێوەبرد.
مامۆستای سەرپەرشیتار و فێرخوازان لەلایەن مامۆستا نەرمین ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێشوازییان لێکرا، لە وتەیەکیشدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر دەربڕى لە بەرامبەر دەستپێشخەرییان بۆ ئەنجامدانی چالاکی و سیمیناری هۆشیارانە بۆ فێرخوازانی قوتابخانەكە. هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی چالاكییەكە كردەوە، بەتایبەتی لەمڕۆدا کە فێرخوازان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرکەوتەیان لەگەڵ ئامێرەکانی پەیوەندی و میدیای ئەلیکترۆنی هەیە.
چالاكییەكە بریتی بوو لە پێشكەشكردنی سیمینارێك بۆ قوتابیانى پۆلی 11ـی ئامادەیی دەربارەی (خراپبەكارهێنانی میدیای ئەلیكترۆنی) و لەلایەن فێرخوازانی قۆناغی سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن ئەنجامدرا. لە بەشی یەكەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز (قارەمان جەوهەر) باسی لە جۆرەكانی توندوتیژیی میدیایی و كاریگەرییەكانی لەسەر تاكەكان و كۆمەڵگە كرد، هەروەها ڕوونی كردەوە كە چۆن ئەم جۆرە توندوتیژییە دەتوانێت كاریگەری دەروونی و كۆمەڵایەتی نەرێنی لەسەر فێرخوازان درووست بكات.
لە بەشی دووەمی سیمینارەكەدا، فێرخواز (سەركار حسین) تیشكی خستە سەر میكانیزمەكانی خۆپاراستن لە توندوتیژیی میدیایی و ڕێگا و شێوازەكانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە، لەوانەش چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ئاسایشی دیجیتاڵی و پاراستنی زانیارییە تایبەتیەكان.
دواتر، فێرخواز (لەیار ئازا) ئاماژەی دا بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی خراپبەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و هەروەها باسی لە هێڵەگەرمەكانی پەیوەندی كرد بەمەبەستی خۆپاراستن و پەنابردنە بەر لایەنی پەیوەندیدار لەكاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئەلیكترۆنیی.
لەكۆتایی چالاكییەكەدا، مامۆستا نەرمین ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەری قوتابخانەی (بان)ـی ناحكومی سوپاسی مامۆستای سەرپەرشیار و فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندنی كرد لە بەرامبەر ئەو چالاكییە زانستی و هۆشیارییە، هاوكات هیوای بەردەوامیی بۆ خواستن لە ئەنجامدانی چالاكیی هاوشێوە بەمەبەستی بنیادنانی تاكێكی هۆشیار و تەندرووست لەنێو كۆمەڵگەدا.